سەردێڕ:

دادگا شەش مانگی دیکە سزای زیندانی بەسەر ئومێد بەرۆشکیدا سەپاند

PM:02:02:17/10/2021

8020 جار خوێندراوەتەوە

لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پارتی، دادگای دهۆک سزای شەش مانگی دیکەی زیندانیکردنی بەسەر ئومێد بەرۆشکیدا سەپاند.


ئەمڕۆ یەکشەممە، رەمەزان ئەرتیسی یەکێک لە پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ جاری شەشەم ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەنوس لە دادگای کەتنی دووی دهۆک لەسەر سکاڵای مەلا ئیحسان رێکانی پەرلەمانتاری پارتی دادگاییکرا.

ئەوەشی خستەڕوو، جارێکی دیکە دادگای دهۆک ئومێد بەرۆشکی بە شەش مانگ زیندانیکردن سزادا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئومێد بەرۆشکی پێشتر سێ جاری دیکە دادگایی کراوە، لە یەکێک لە دادگاییکردنەکان بە بڕی ٢٢٥ هەزار دیناری عێراقی سزای دارایی دراوە و لە دادگایەکی دیکەدا بە زیندانیکردن بۆ ماوەی شەش مانگ سزادراوە.

رەمەزان ئەرتیسی باسی لەوەشکرد، لە رابردوودا ئومێد بەرۆشکی لەسەر دۆسیەی خۆپیشاندان دادگایی کراوە و بە ساڵێک زیندانیکردن سزادراوە.

وتیشی، لە ئێستادا سکاڵایەکی دیکە ماوە ئومێد بەرۆشکی لەسەر دادگایی بکرێت، کە لە دوو رۆژی داهاتوودا لە دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی ١٥٦ی سزادانی عێراقی بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی دادگاییکردنەکەی بەڕێوەدەچێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ژمارەیەک رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی لە بادینان کە ژمارەیان لە ٨٠ کەس زیاترە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و شەش لەوان بە زیندانیکردن بۆ ماوەی شەش ساڵ سزادراون و بەشێکی دیکەیان چەند جارێکە دادگاییکردنەکەیان لە دادگا دوادەخرێت.













گەلەری