وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، وەزیری نەوت داوای لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم کردووە زیاتر شەفافبن لە دۆسییەی چالاکییەکانی نەوتدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، نوسینگەی وەزیری نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم بە سەردانێک گەیشتووەتە بەغدا و لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا لەبارەی ھاریکاری نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە دۆسییەی نەوتدا گفتوگۆکراوە.
راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، وەزیری نەوتی عێراق داوای لە وەزیری سامانە سروشتییەکانی ھەرێم کردووە، دەبێت ھەرێم زیاتر شەفافبێت لە دۆسییەی نەوت و چالاکییەکان و ئەو داھاتەی دەستی دەکەوێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، داوای کردووە ھەولێر و بەغدا زیاتر ھاریکاری یەکتربکەن و پێکەوە کاربکەن بە ئامانجی وەبەرھێنانی دەرامەتە سروشتییەکان و ھایدرۆکاربۆن لەسەرتاسەری عێراقدا لە پێناو بەھێزکردنی ئابوری نیشتیمانی.
باسی لەوەشکردووە، ئیحسان عەبدولجەبار جەختیکردووەتەوە لەسەر پێویستبوونی زیادکردنی پرۆژەکانی وەبەرھێنان لەبواری غاز و وزەی پاک لەسەرجەم پارێزگاکاندا، بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمھێنان و کارکردن لەسەر کەمکردنەوەی بەرھەمھێنان و فڕێدانی گازی زیانبەخش بە ژینگە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ٢٠٢١ دەبێت مانگانە ھەرێم بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات و ٥٠٪ داھاتە نانەوتییەکان و خاڵە سنورییەکان رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات و لە بەرامبەردا بەغداش شایستە داراییەکانی ھەرێم رەوانە بکات، بەڵام لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک بەرپرسانی بەغدا رایانگەیاندووە، حکومەتی ھەرێم ھیچ بڕە نەوتێک و داھاتێکی نانەوتی و خاڵە سنورییەکانی رادەست نەکردووە، بەڵام بەغدا ماوەی سێ مانگە وەک سلفە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت.