سەردێڕ:

لە چەند ناوچەیەکی جیاجیا مامۆستایانی وانەبێژ بەردەوامن لە بایکۆت کردنی دەوام

AM:10:46:17/10/2021

2888 جار خوێندراوەتەوە

لە درێژەی بەردەوامبوونی مامۆستایانی وانەبێژ لە بایکۆت کردنی ھۆڵەکانی خوێندن، ئەمڕۆش لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای ھەرێمی کوردستان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە گردبوونەوەیان ئەنجامدا.


ئەمڕۆ شەممە، یەکێک لە مامۆستایانی وانەبێژی بەشداربووی بایکۆتکردنی ھۆڵەکانی خوێندن لە پێنجون بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئێمە ھیچ مافێکمان نییە، بەجۆرێک ئەگەر مامۆستایەک نەخۆشبکەوێت ئەوا مۆڵەتی پێنادرێت، بەڵکو بەشەوانەکانی لێوەردەگیرێتەوە و دەدرێتە یەکێکی دیکە. بەھەمان شێوە، مامۆستایانی ژن مۆڵەتی دایکایەتییان پێنادرێت، بەڵکو شوێنگرەوەیان بۆدادەنرێت و دواتر مافی نامێنێت دەوام بکاتەوە.
مامۆستایەکی دیکەی بەشداربووی گردبوونەوەکە لە رانیە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەبێت حکومەت وەڵامیان بداتەوە بەشێوەی کرداری نەک وەک ساڵانی رابردوو تەنھا بەڵێنیان پێبدات، ئەوان بڕیاری خۆیان داوە تا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنوسیانەوە نەدرێت بایکۆت ناشکێنن.
لەلایەن خۆیەوە، موەفەق حسێن کاندیدی سەرکەوتوی نەوەی نوێ لە کەلار لە چوارچێوەی بەشداریکردنی گردبوونەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مامۆستایانی وانەبێژ خزمەتێکی گەورەیان بە خەڵک کردووە، بەڵام حکومەت بێ دەربەستە و بێ باکانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. 
وتیشی، ئەوان وەک نەوەی نوێ بەڵێنیان بە خەڵکی ھەرێمداوە بەردەوام پشتیوانی لە داوا رەواکانیان بکەن بە ئامانجی بەدەستھێنانی مافەکانیان.
ئەمە لەکاتێکدایە، مامۆستایانی وانەبێژ لە قوتابخانەکاندا وانە دەڵێنەوە و بە فەرمی دانەمەزراون، کە لەماوەی رابردوودا زۆرجار داوای دامەزراندنیان کردووە و چەندین جار حکومەت بەڵێنی دامەزراندنیانی داوە، بەڵام نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەھەرێمی کوردستاندا حەڤدە ھەزارو پێنج سەد مامۆستای وانەبێژ ھەیە لەساڵی رابردوەوە شایستەی مامۆستایانی ھەڵگری بڕوانامەی بەکارلوێس ٣٠٠ ھەزار دینارو مامۆستایانی ھەڵگری بڕوانامەی دبلۆم ٢٥٠ ھەزار دینارە.













گەلەری