سەردێڕ:

دەسەڵاتدارانى سعودییە رێگەیاندا لە کەنار دەریا ئاهەنگی میوزیک و سەما سازبکرێت

PM:09:14:15/10/2021

8916 جار خوێندراوەتەوە

لە کەنار دەریاى "پیور بیچ" لە شاری شا عەبدوڵای گەشتیارى لە خۆر ئاوای شارى جەدە، دەسەڵاتدارانی سعودییە رێگەیاندا بە گێڕانی ئاهەنگی میوزیک و سەماکردن.


ئەسمای تەمەن ٣٢ ساڵ، کە کراسێکی شینی لەبەردابوو و بەسەر جلە تەڕەکانی مەلەکردنەوە پۆشی بووی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "ئێستا بەختەوەرم، ئیتر دەتوانم بێمە کەناری دەریا و چێژ لەکاتەکانم وەربگرم، دەتوانم چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەم".

ئەسما بە قژە نیوە زەردکراوەکەیەوە ئاماژەی بەوەشدا، دەتوانێت بگاتە لوتکەی چێژەکانی، چونکە دەتوانێت پشووی هەفتانەی لەکەناری دەریا بەسەربەرێت لەشارێکی جوانی وەک جەدە، کە بەکراوەترین شار لە سعودییە دادەنرێت.

کەنار دەریاى "پیور بیچ" لەرۆژدا ئاوێکی رەنگ پیرۆزەیی و لمێکی سپی هەیە و بێ هیچ بەربەستێک ژنان دەتوانن جلی مەلەکردن بپۆشن و نێرگەلە بکێشن و ئاژەڵە ماڵییەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بهێنن. لە خۆر ئاوابوونیشەوە دەنگی بەرزی میوزیک ناوچەکە دادەگرێت و دەتوانن سەما بکەن.

ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەی بەوەشداوە، کە نازانرێت ئەو ژن و پیاوانەى پێکەوە سەما دەکەن ژن و مێردن یان خۆشەویستی یەکترن، بەڵام هەموویان بە ئامانجی پاراستنی تایبەتمەندێتییان مۆبایلەکانیان دەپارێزن.

پێشتر، سعودییە ڤیزای دەدا بەو کەسانەی بەمەبەستی ئەنجامدانی حەج و عەمرە و کارکردن و خوێندن روویان لەو وڵاتە دەکرد، بەڵام لە ٢٠١٩ەوە بڕیاریداوە بە هاتنی ساڵی ٢٠٣٠ ساڵانە پێشوازی لە ٣٠ ملیۆن گەشتیار بکات، بۆ ئەم مەبەستەش لە ساڵی ٢٠١٩ەوە دەستی کرد بە پێدانی ڤیزای گەشتیاری بە ٤٩ وڵات کە زۆرینەیان ئەوروپین.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٧ محەمەد سەلمان کوڕی شا سەلمانی پادشای سعودییە وەک شازادەی جێنیشین دەستنیشان کرا، دەستی کردە ئەنجامدانی چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابوری و ئاینی و رێگەی دا ژنان لەو وڵاتە بتوانن شۆفێری بکەن و تێکەڵاوبوونی ژن و پیاوی رێگە پێدا و ژنان دەتوانن بێ کەسی ژمارە یەک گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن و ژمارەیەک ژنیشی بۆ پاسەوانی کردن و خزمەتکردنی حاجییان و عەمرەکاران لە هەردوو مزگەوتی حەرام لە شاری مەککە و مزگەوتی پێغەمبەر لە شاری مەدینە دامەزراند.

 


کـ ، ئـ













گەلەری