سەردێڕ:

کێ دەتوانێت حکومەتی داھاتووی عێراق پێکبھێنێت؟

PM:10:47:12/10/2021

11024 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی یاسایی لە عێراقدا رایگەیاند، بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان خاوەنی زۆرترین ژمارەی کورسی کە لەلایەن کۆمسیۆن باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە رادەگەیەنرێت، دەتوانێت حکومەتی داهاتووی عێراق پێكبهێنێت.


میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردەوە، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات، لە ئێستادا باسی ئەوە لە ئارادایە چۆن هاوپەیمانییەتی پێکبهێنرێت و سەرۆکوەزیران دیاریبکرێت.

لەو بارەیەوە، تاریق حەرب شارەزای یاسایی رایگەیاند، خاوەنی زۆرترین کورسی دەتوانێت سەرۆکوەزیران کاندید بکات و حکومەت پێکبهێنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، یاسای ژمارە ٩ی ساڵی رابردوو، مافی پێکهێنانی حکومەت بە خاوەنی زۆرترین کورسی دەدات، دەشڵێت، سەرۆککۆماری هەڵبژێردراو لایەنی براوە بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەستپێرێت.

رۆژی یەکشەممە، ١٠ی تشرینى یەکەم دەنگدانی گشتی و رۆژی هەینی ٨ی ئەم مانگەش دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق لە کاتژمێر ٧ی بەیانی دەستیپێکرد و تا ٦ی ئێوارە بەردەوامبوو.

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاری دەنگەکانی دەستی و ئەلیکترۆنیدا، دەنگەکان هاوتابوون.













گەلەری