سەردێڕ:

ڤیدیۆ..هاوشێوەی سێگۆشەی بەرمۆدا، پاسێک بە ١٤ سەرنشینەوە نقووم بوو

PM:03:29:12/10/2021

17136 جار خوێندراوەتەوە

لەرووداوێکی نامۆدا لە روباری نیل لە میسر، پاسێکی نەفەرهەڵگر بە ١٤ سەرنشینەوە دەکەوێتە نێو رووبارەکەوە و نقوم دەبێت، میدیاکانی ئەو وڵاتەش رووداوەکە بە "رووداوەکانی دیارنەمانی کەشتیی و فڕۆکەکانی سێگۆشەی بەرمۆدا لەقەڵەم دەدەن".


بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی میسریش، رووداوەکە سەرەتای ئەم هەفتەیە روویداوە لەکاتێکدا پاسێکی نەفەرهەڵگر کە ١٤ سەرنشینی هەڵگرتووە، لەسەر پردی "ساحل" لە ناوچەی ئیمبابەی جیزە کەوتووەتە نێو رووباری نیلەوە و لەهەمووشی سەیرتر ئەوەیە، کە پاسەکە بەتەواوی سەرنشینەکانییەوە نقومبوون، دوای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێریش بەسەر رووداوەکەدا، هێشتا تیمەکانی رزگارکردن نەیانتوانیوە هیچ پاشماوەیەکی سەرنشینەکانی پاسەکە بدۆزنەوە.

هەرچەندە تا ئێستا هیچ یەکێک لەسەرنشینەکانی پاسەکە نە بەزیندوویی و نە بە مردوویش دەرنەهێنراووتەوە، بەڵام رۆژنامەی ئەهرامی میسری بڵاویکردووەتەوە، "بەگوێرەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە، کە شۆفێری پاسەکە بەخێراییەکی زۆر رۆشتووە و ئەمەش وایکردووە پاسەکە لەرێڕەوی خۆی لابدات و بکەوێتە نێو روباری نیلەوە".

تا ئێستاش، هیچ شوێنەوارێکی پاسەکە و سەرنشینەکانی دەرنەکەوتووە و میدیا ناوخۆییەکان و چاودێرانیش، رووداوەکە بە هاوشێوەی رووداوەکانی نێو "سێگۆشەی بەرمۆدا" لەقەڵەم دەدەن.

رووباری "نیل" یەکێکە لە گەورەترین رووبارەکانی باکووری رۆژهەڵاتی ئەفریقا و رێژگەی رووبارەکە پێچەوانەی رووبارەکانی دیکە، لە باشوورەوە بەرەو باکوور دەڕوات، لەرووی مێژووییەوە بە یەکێک لە درێژترین رووباری جیهان دادەنرێت.

رووباری نیل، درێژییەکەی شەش هەزار و ٦٩٣ کیلۆمەترە و بەسنووری ١٠ وڵاتی کیشوەری ئەفریقادا تێپەڕدەبێت و وڵاتەکانیش بریتین لە بورووندی، تانزانیا، رواندا، کۆنگۆ، کینیا، ئۆگەندا، سودان، ئیسۆپیا، باشووری سودان و میسر، خاوەندارییەتییەکەشی بۆ وڵاتی میسر دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی چەند توێژینەوەیەکیش، مێژووی درووستبوون و سەرهەڵدانی رووباری نیل بۆ "٣٠ ملیۆن ساڵ" پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.














گەلەری