سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی گڕکانەکانی سەر روی مانگ

PM:02:12:09/10/2021

8716 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری سایەنس بڵاویکردەوە، پاشماوەی گڕکانەکانی سەر روی مانگ دەریانخستووە تەمەنی رووداوەکە ملیارێک ساڵ کەمترە لەوەی پێشتر زانایان رایانگەیاندبوو، بەمەش دەردەکەوێت کە مانگ درەنگتر ساردبووەتەوە بەراورد بەوەی پێشتر ئاشکراکرابوو.


دوای ئەوەی کەشتی شانجی-٥ چینی لە مانگی کانونی یەکەمی رابردوو گەیشتە سەر روی مانگ، لەناوچەیەکدا نیشتەوە کە پێشتر نەدۆزرابووەوە، کە بریتی بوو لە دەشتێک لە خەڵوزی گڕکانی و بە "زەریای گەردەلولەکان" ناونرا.
ئامانج لە ناردنی کەشتییەکە بۆسەر روی مانگ بەدەستھێنانی زانیاری زیاترە لەبارەی ئەو گڕکانانەی روویانداوە و چالاکبوون.
لەماوەی رابردوودا، کەشتی شانجی-٥ بڕی یەک ھەزار و ٧٣١ گرام نمونەی لەسەر روی مانگ و ناوچەی "زەریای گەردەلولەکان"ی لەگەڵ خۆی ھێنایەوە سەرزەوی و دوای ئەنجامدانی توێژینەوە لەسەری دەرکەوت تەمەنی گڕکانەکان یەک ملیار و ٩٦٠ملیۆن ساڵە، بەمەش دەرکەوت تەمەنی روودانی گڕکانەکان کەمترە لەو ساڵانەی پێشتر ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت ئاشکرایان کردبوو کە بریتی بوو لە دوو ملیار و ٩٠٠ ملیۆن ساڵ.
ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە چالاکی گڕکانەکان تا ماوەیەکی زیاتر لەسەر روی مانگ بەردەوامبوون و درەنگتر ساردبووەتەوە.
شانجی-٥ کەشتییەکی بێ کەشتیوانی چینییە و بەواتای "خودای مانگ" دێت لە کەلتوری کۆنی چینیدا و لە کۆتایی ساڵی رابردوو لەسەر روی مانگ نیشتەوە و ئەرکی کەشتییەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە چالاکییە گڕکانییەکانی سەر روی مانگ. بەمەش چین بووە سێیەم وڵات لەسەر ئاستی جیھان، دوای ھەریەک لە ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەتی جاران، کەشتی بنێرێتە سەر روی مانگ. 
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە لە پێنج ساڵی داھاتوودا، چین کەشتی بێ کەشتیوانی شانجی-٥ رەوانەی سەر روی مانگ بکاتەوە بە ئامانجی گەڕان و دۆزینەوەی جەمسەری باشوری مانگ.

کـ ، ئـ












گەلەری