سەردێڕ:

لێدوانی نوێ لەسەر شەڕەتەقەکەی هەریر

PM:06:53:02/10/2021

13660 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە نێوان دوو بنەماڵەی شاری هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر شەڕەتەقە و گرژی دروستبوو و تیایدا، سێ کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون، بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر دەڵێت، "هیوادارین هەموومان بێینە بەردەم یاسا و داوای مافی خۆمان بکەین."


کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، هەندێک کێشە هەیە دەکرێت بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، بەڵام ئاڵۆزدەبن و لە ئاکامدا جگە لە نانەوەی کێشەی کۆمەڵایەتی، رووی کلتووری نەشیاوی کورد نیشانی جیهانیان دەدرێت و ئاسایشی دەرونیی هاوڵاتیان و ئاسایشی کۆمەڵایەتیش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هیوادارین هەموومان بێینە بەردەم یاسا و داوای مافی خۆمان بکەین و دادگا بە بێلایی و دادمەندانە بە دادمان بگات تاکو ئارامی لە شار و گونددا بوونی هەبێت."

بەپێى ئامارى پۆلیسى پارێزگای هەولێر، لە ماوەى هەشت مانگى رابردوودا لە سنورى هەولێر ٤٥ کەس بە دەستڕێژى گوللـە کوژراون و چەندانى تریش برینداربوون.

سەر لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، لە نێو بازاڕی ناحیەی هەریری سەر با پارێزگای هەولێر شەڕەتەقە دروستبوو و دواتریش، کاروان کەریم خان بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کەسێک لەناو بازاڕی هەریر دەسترێژی گوللـەی کردووە و بەهۆیەوە دوو کەس کوژراون و کەسێکی دیکەش بریندار بووە، دواتریش جارێکی دیکە شەڕەتەقە دروستبووەوە و بەهۆیەوە کەسێکی دیکە کوژرا، دواتریش هێرشکرایە سەر ماڵی بکوژەکان و ماڵەکەیان سوتێنرا و دواتر لە هەریر برانە دەرەوە.













گەلەری