سەردێڕ:

بلاسخارت لەگەڵ کۆمسیۆن دواهەمین ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تاوتوێ دەکات

AM:08:46:30/09/2021

3448 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی ئاگاداربوون لە دواهەمین ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی دەنگدان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیاراندا کۆبووەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەمەبستی ئاگاداربوون لەدواهەمین ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی دەنگدان، جنین بلاسخارت پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ جەلیل عەدنان خەڵەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران کۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، جەلیل خەلەف تەواوی وردەکاریی و هەنگاوەکانی ئامادەکاری لەسەرتاسەری عێراقدا خستووەتەبەردەم بلاسخارت، بەمەبەستی ئاگاداربوونی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەنگاوە کردەییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا.

لەلایەن خۆیەوە، جنین بلاسخارت، پەیکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق جەختیکردەوە لەسەر بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ئامادەکارییەکان لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوامدەبێت لە هاوکاریکردنی لەگەڵ ئەنجومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردنەکان بە ئامانجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پتەو و بتوانێت متمانەی شەقامی عێراقی بەدەستبهێنێت.

لەکۆتایی دیدارەکەشدا، بلاسخارت هەوڵەکانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی لەسەر کارکردنی بەردەوام و بەهەند وەرگرتنی تێبینییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لەپێناو پەرەپێدان و بەرەوپێشبردنی پرۆسەی هەڵبژرادن بەرزنرخاند.

ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە دوای ١١ رۆژی دیکە و لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی تشرینی یەکەم هەڵبژرادنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لەسەتاسەری وڵات بەڕێوەبچێت و تیایدا زیاتر لە ٢٥ ملیۆن دەنگدەر بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنی ٣٢٩ ئەندام پەرلەمان.

 


کـ ، ئـ













گەلەری