سەردێڕ:

ئیسرائیل باڵیۆزخانەی خۆی لە وڵاتێکی عەرەبی دەکاتەوە

PM:10:47:29/09/2021

6424 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی کردنەوەی باڵیۆزخانەی تەلئەبیب لە شاری مەنامەی پایتەختی بەحرەین، یائیر لابید وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە یەکەم سەردانی فەرمیدا سبەی پێنجشەممە دەگاتە شاری مەنامەی پایتەختی ئەو وڵاتە.


لەراگەیەندراوێکیشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەکردووە، "لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل سبەی پێنجشەممە سەردانی شاری مەنامەی پایتەخت دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە راگەیەندراوەکەشیدا، ئاماژەی بەوەکردووە، "ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیلە بۆ بەحرەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەمیانەی سەردانەکەیدا، یائیر لابید باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە مەنامە دەکاتەوە و پێشبینیش دەکەن، لە هەنگاوی یەکەمدا چەند رێککەوتنێک لە چەند بوارێکی جیاوازدا بێتەکایەوە".

لەسەردانەکەیدا، هەریەکە لە ئالوون ئوشبیز بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، عودید یوسف جێگری بەڕێوەبەری گشتی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرۆسەی ئاشتی، یاوەرێتی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دەکەن بۆ مەنامە.

لە ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠دا، ئیسرائیل و بەحرەین لەسەر ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان رێککەوتن، سەرەتای ئەم مانگەش، باڵیۆزی بەحرەین گەیشتە تەلئەبیب و لەوێ دەستی بەکارەکانی کرد.













گەلەری