سەردێڕ:

چۆن دەزانیت رۆماتیزمی چاوت هەیە؟

AM:11:51:29/09/2021

21076 جار خوێندراوەتەوە

دکتۆر سەروەر سالار چوچانی پسپۆڕی جومگە و ڕوماتیزم و فەقەرات لەبابەتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە سەدان جۆری ڕۆماتیزم بوونیان هەیە و ڕەنگە هیچ ئەندامێکی جەستە نەبێت کە یەکێک لە جۆرەکانی ڕۆماتیزمە کاری لێنەکات و ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەند نیشانەیەک دەکرێت دەرخەری ئەوە بن کە کەسەکە ڕۆماتیزمی چاوی هەیە.


هاوکات ئەوەشی ڕوونکردوەتەوە کە ڕۆماتیزم کار لە کۆلاجین دەکات وشێوازی کارکردنەکەی تێکدەدات، لە پێکهاتەی بەشێکی زۆری جەستەشدا کۆلاجین بوونی هەیە و ئەوەش وادەکات ڕۆماتیزم نەخۆشییەک بێت کە توشی زۆریک لە بەشەکانی جەستە ببێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە ئەم دەرکەوتانەی چاو، لەوانەیە بەهۆی ڕۆماتیزمەوە بن:

یەکەم: وشکیی چاو، وشکی چاو هەندێکجار بەهۆی هێرشی کۆئەندامی بەرگری دەبێت بە هەڵە بۆ سەر فرمێسکە ڕژێنەکان و تێکشاندن و لاوازکردنیان، یاخود بەڕیوشوێنی جیاجیای دیکە فرمێسک دەردان کەمبکرێتەوە (لە نەخۆشییەکانی شۆگرن، رەقبوونی پێست و هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە).

دووەم: سۆ و هەوکردنی سپێنەی چاو، سووربوونەوەی چاو، کە هەندێکجار بە ئازارە و زۆرکات بە قەترە ئاساییەکانی دژە سووربوونەوە چاکنابێت، دەکرێ هەستیار بێت بە ڕووناکی و توانای بینین کەمببێتەوە (لە هەوکردنی ڕۆماتیدیی جومگە، هەوکرنی کڕکڕاگە و نەخۆشیی ڤێگنەر).

سێیەم: هەوکردنی بیلبیلە (رەنگینە)، نیشانەکانی بریتین لە ئازاری چاو، سووربوونەوەی چاو و هەستیاریی بە ڕووناکی، هەوکردنەکە لە ڕەنگینەی چاودایە و دەکەوێتە نێوان بەشی پشتەوە (تۆڕەی چاو) و سپینەی چاو (لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی و نەخۆشیی بەهجەت).

چوارەم: گیرانی موولوولەکانی تۆڕی چاو: نیشانەکان بریتین لە تاریکبوونی چاو (هەستدەکەیت پەردەیەک بەسەر چاوتدا دادراوەتەوە)، تاریکبوونەکە زۆرکات کتوپڕە و ماوە ماوە دێت و دەڕوات، واتە چاکدەبێتەوە و ڕوودەداتەوە، هەندێکجاریش دەبێتە گرفتێکی هەمیشەیی! (لە لووپەس (گورگەسوورە)، ڕەقبوونی پێست، نەخۆشیی بەهجەت، نەخۆشیی سارکۆید و هەندێک جۆری هەوکردنی لوولەکانی خوێن کە هەموویان بە ڕۆماتیزم دادەنرێن)

پێنجەم: ئاوی ڕەشی چاو، نیشانەکان بریتین لە: ئازاری چاو، تەڵخبوونی بینایی، بینینی خەرمانە بە دەوری ڕووناکیدا، بەزۆریی بەهۆی بەرزبوونەوەی فشاری ناو گۆی چاوە کە دەماری بینین دەپەستێوێت و ئەگەر چارە نەکرێت دەمارەکە لەکاردەخات و دەبێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینایی، (لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزمیی).

شەشەم: ئاوی سپیی چاو، نیشانەکان بریتین لە: تەڵخبوونی بینین، تێکچوونی بینایی لە شەواندا، هەستکردن بە کالبونەوەی ڕەنگەکان (لە ڕۆماتیزمی پشت و حەوز، ڕۆماتیزمی سەدەفی، لێکەوتەی نەخوازراوی هەندێک دەرمانی ڕۆماتیزمی).













گەلەری