سەردێڕ:

وەزیرى پەروەردە راگرتنى خوێندنى لە قوتابخانەکان بۆ ماوەى سێ رۆژ راگەیاند

AM:10:11:27/09/2021

326964 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگرتنى خوێندنى لە قوتابخانە و ناوەندەکانى خوێندن لە دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنى هەڵبژاردنى پێشوەخت و رۆژێک لە دواى هەڵبژاردنەکە، راگەیاند.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئالان حەمە سەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى ئەنجامدانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوە کرد "دوو رۆژ بەر لە دەستپێکردنى هەڵبژاردن قوتابخانە و ناوەندەکانى خوێندن رادەستى کۆمسیۆن دەکرێن و رۆژێک لەدواى هەڵبژاردنیش خۆمان رێکدەخەینەوە و پاشان دەستدەکرێتەوە بە خوێندن".

رۆژى ١٠ى تشرینى یەکەمى ٢٠٢١ هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق ئەنجامدەدرێت و ئەو رۆژەش لەسەرجەم دامودەزگاکانى حکومەت پشوى فەرمییە.

وەزیرى پەروەردە، دۆخى تەندروستى لەناو قوتابخانە و ناوەندەکانى خوێندن بە باش ناوبرد.

وتیشى "لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەر پابەندبین بە خۆپارێزى و مامۆستایانیش بچن بەدەنگ وەرگرتنى ڤاکسین".

وەزیرى پەروەردە دوو شتى بە گرەتنى دانا بۆ بەردەوامبوونى خوێندنى ناو پۆل ئەوانیش "پابەند بوون بە رێنماییە تەندروستییەکان بەتایبەتى بەستنى دەمامک و دووەمیان وەرگرتنى ڤاکسین".














گەلەری