سەردێڕ:

ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ: توندوتیژی خێزانی روو لە هەڵکشانە

PM:11:00:20/09/2021

2408 جار خوێندراوەتەوە

لەبارەی هەڵکشانی ئامارەکانی توندوتیژی خێزانی دۆسییەکانی توندوتیژی لە دادگاکاندا، ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له ‌هه‌رێمی كوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ڕۆژانه‌ ئاماره‌كانی توندوتیژی خێزانی و دۆسیه‌كانی توندوتیژی له‌ دادگاكان جێگه‌ی نیگه‌رانی هه‌موو لایه‌كه‌ چونكه‌ ئاسایشی خێزان سه‌رچاوه‌ی ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌یه."‌


بەشێکی پەیامەکەی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم هۆشدارییە لەبەرامبەر زیادبوونی رێژەی توندوتیژییە خێزانییەکان و تیایدا هاتووە، "ئاماره‌كانی به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر پیاوان و پێشتریش به‌رامبه‌ر ئافره‌تان ده‌رخەر‌ی ئه‌و راستییه‌ن كه‌ توندوتیژی خێزانی دوولایه‌نه‌یه‌ و چووەتە ناو خێزانه‌كان و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خودی خێزانه‌كان و ژیانی منداڵان و كۆی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت."

لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژییەکانیشەوە، دەستەی سەربەخۆیی مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، "جه‌نجاڵبوونی ژیان و ئه‌ركه‌ قورسه‌كانی خێزان و زۆربوونی كێشه‌كان و هه‌ندێ كاتیش تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان و ‌كرانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی ئه‌و توندوتیژیانه‌ داده‌نرێ كه‌ ڕوبه‌روی خێزانه‌كان ده‌بنه‌وه."

ئەوەش هاتووە،‌ "پێویسته‌ خێزانه‌كان بۆ پاراستنی پیرۆزیه‌كانی خێزان و درێژه‌دان و مانه‌وه‌ی خێزانه‌كان له‌ژێر چه‌تری دوو هاوسه‌ر كه‌ ته‌واوكه‌ری یه‌كترن به ‌به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش مامه‌ڵه‌ بكه‌ن".

هاوکات، لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەی دەستەی مافی مرۆڤیشدا هاتووە، "له‌و قۆناغه‌ ئه‌ركی گه‌وره‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه‌ به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن و به‌رنامه‌كانیان دووربێت له‌هه‌موو ئاماژه‌یه‌ك كه‌ هاندان بێت بۆ توندوتیژی یان كاریگه‌ری هه‌بێت بۆ سه‌ر ژیانی خێزان و خۆیان به‌دوور بگرن له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ ژیانی تاكه‌كانی خێزان و نێوانی هاوسه‌ران."

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمیش دەڵێت، "پێویستە خودی خێزانه‌كان‌ به‌تایبه‌ت هاوسه‌ران كه‌ زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخانه‌ی دێته‌ پێش مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و نه‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری ته‌وژمی هه‌ندێ بابه‌تی لاوه‌كی و بابه‌ته‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ندێ بابه‌تی راگه‌یاندن و خۆیان سه‌رچاوه‌یه‌ك بن بۆ پارێزگاری له‌ شكۆی خێزانه‌كان و پیرۆزی ژیانی هاوسه‌ری."








گەلەری