شارەزایەكی كەشناسی رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینەوە لە بەشێک لە چیاکانی کوردستان، ئەگەر هەیە بڕێك شێ بهێنێتە چیاكانی هەرێمی كوردستان و ئەگەری بارانبارین هەیە لە ناوچەشاخاوییە سنورییەكانی باكوری سلێمانی و هەولێر و دهۆك.
لەپێگەی فەرمی خۆی، سیروان ساڵح شارەزای بواری کەشناسی بڵاویکردەوە، بەهۆی كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو لە بەشێكی چیاكانی باكوری كوردستان و باكوری توركیا و باكوری ئێران ئەگەری بەفربارین هەیە و ئەمەش، ئەگەری کاریگەری هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان.
ئەو شارەزایەی بواری کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی
كاریگەری تۆپەڵە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە ئەگەری بارانێكی زۆر هەیە لەو ناوچانە،
هاوکات بەهۆی ئەوەی تۆپەڵە هەوا جەمسەریەکە بەسەر دەریای ڕەشەوە تێدەپەڕێت، خۆرهەڵاتی
دەریای ناوەڕاستیش دەگرێتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەگەر هەیە بڕێك شێ بهێنێتە چیاكانی
هەرێمی كوردستان و ئەگەری بارانبارین لە ناوچەشاخاوییە سنورییەكانی باكوری سلێمانی
و هەولێر و دهۆك هەیە. هاوکات، پلەكانی گەرمی بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت و دوور
نییە لە لوتكە چیاكانی حەسارۆست و هەڵگورد بڕێكی كەم بەفر ببارێت.
سیروان ساڵح دەشڵێت، لە ناوچەكانی گەرمیان بەتەواوی پلەكانی
گەرمی دێنە خوارەوە و لە ناوەڕاستی پلەی سییەكان جێگیر دەبن و بەشەوان هەست بە سەرما
دەكرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆتا رۆژی وەرزی هاوینە و سبەینێ
یەکەم رۆژی وەرزی پایزە، جیاواز لەساڵانی رابردووش، هاوینی ئەمساڵ بەرزترین پلەی گەرمای
تۆمارکرد و لە هەرێمی کوردستان پلەی گەرما گەیشتە ٥٣ پلەی سیلیزی.