سەردێڕ:

لەسەر هاتنی بەنزین لە بەغداوە زانیاری نوێ هات

PM:11:50:17/09/2021

11160 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت باس و خواست لەبارەی نرخی بەنزین و ناڕوونی لە رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بۆ هاوردەکانی بەنزین بۆ هەرێم زیاتر دەبێت، لە دوایین کاردانەوەشدا سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "هێنانی بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێم بۆ سوودی کۆمپانیای حزبییە."


کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە پانۆرامای ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، تا ئێستا بەنزینەکەی بەغدا نەگەیشتووەتە پارێزگای سلێمانی و کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ گەیشتنی.

کەریم عەلی ئاماژەی بەوەشکردووە، حکومەتی عێراق نرخی بەنزینی بە ٤٥۰ دینار جێگیرکردووە، بەڵام بەنزینەکەی بەغدا بە ٦٩٠ دینار لە هەرێم دەفرۆشرێت.

باسی لەوەشکردووە، ناردنی بەنزینی بەغدا بۆ هەرێم جێگەی گومانە، چونکە تا ئێستا چۆنییەتی رێککەوتنەکە و ناوەڕۆکەکەی لەلایەن بەغداوە ئاشکرانەکراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێنانی بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێم بۆ سوودی کۆمپانیای حزبییە، چونکە ئەو بەنزینەی بەغدا دەینێرێت پارتی و یەکێتی ٦٥ دینار زیادە دەخەنەسەری، دەشڵێت، "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر بەنزین بۆ خۆدەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکە."

راشیگەیاندووە، "ئێمە وڵاتێکی سەیروسەمەرەی هەناردەی نەوتین، چونکە تاکە وڵاتین نەوت هەناردە دەکەین و هاوڵاتییانمان نەوتیان نییە"، دەشڵێت، "هەرێم خۆی بەنزین بۆ بەغدا بەرهەمدەهێنێت کەچی داوای بەنزین لە بەغدا دەکات."

هەرچەندە دوێنێ، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، کە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی بەنزینەکەی بەغدا دەگاتە سلێمانی، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە و هۆکاری نەگەیشتنەکەشی ئاشکرانەکراوە.

لە ماوەی رابردوودا، نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە، بەجۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە ئێستادا ٨٠٠ دینارە.













گەلەری