سەردێڕ:

ئاگادارییەک لە وەزارەتی کارەباوە بۆ ئەو هاوڵاتیانەی قەرزی کارەبایان لەلایە

PM:07:07:17/09/2021

187616 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاند، "پارەی قەرزی هاوبەشانی کارەبامان کردووە بە قیست و بە ١٢ قیست پارەکە وەردەگرینەوە."


کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، قەرزی هاوبەشانی کارەبا بە ١٢ قیست وەردەگرنەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دۆخی ئابوری هاوڵاتییان لەبەرچاودەگرن و لە رێگای میکانیزمی قیستەوە تەواوی پارەی قەرزی هاوبەشانی کارەبا وەردەگرنەوە.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، رۆژی ١٣ی ئەم مانگەش وەزارەتی کارەبای هەرێم کۆبووە و تیایدا، چەند رێنمایی و بڕیارێکی نوێی دەرکرد و لەوانەش، "کۆکردنەوەی داهات و چاپکردنی پسوڵەی کارەبا لە کاتی خۆیدا."

هاوکات، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەت پێویستە هاوبەشانی کارەبا پابەندبن بە قەرزی پارەی کارەبا، دەشڵێت، "بەپێی یاسا هەر کەسێک پابەند نەبێت بە پێدانی پارەی کارەبا، کارەباکەی دەبڕین."

ساڵانە، لەکاتی وەرزەکانی سەرما و گەرمادا، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لەهەرێمی کوردستان بەرەو کەمبوونەوەیەکی بەرچاو دەڕوات و بەتێپەڕبوونی چەندین کابینەی حکومەتی هەرێم و پاش چەندین بەڵێن بۆ چاککردنی، هێشتا پرۆسەی پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییانی هەرێم لەئاست داواکارییەکانیاندا نییە.













گەلەری