سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەزینی نرخی بەنزین روونکردنەوە دەدات

PM:05:16:15/09/2021

13536 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بەغدا بەڵێنیداوە هاتنی بەنزینەکەیان بەردەوام بێت، دەشڵێت، هاتنی بەنزینەکەی بەغدا رۆڵێکی کەمی هەیە بۆ دابەزینی نرخی بەنزین.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، "هەرێم رۆژانە شەش ملیۆن لیتر بەنزینی پێویستە و بەغدا تەنیا ملیۆنێک لیتر دەنێرێت بۆیە هاتنی بەنزینەکەی بەغدا رۆڵێکی کەمی هەیە بۆ دابەزینی نرخەکە."

جوتیار عادل دەشڵێت، نرخەکە لە ئێستادا کەمێک دابەزیوە بەڵام کاتی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی زیاتر دابەزێت، دەشڵێت، "هەوڵدەدەین رێژەی هاوردەکردنی بەنزین بە نرخێکی گونجاو زیاتر بکەین."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەغدا بەنزینمان بە خۆڕایی ناداتێ بەڵکو دەیکڕین و بەغدا بەڵێنیداوە کە هاتنی بەنزینەکە بەردەوام دەبێت."

باسی لەوەشکردووە، "بەغدا بە ٦٥٠ دینار بەنزین دەدات بە هەرێم و ٢٠ دینار بۆ گواستنەوە و ٢٠ دیناریش بۆ خاوەن بەنزینخانەکانە، بۆیە بەنزینەکە بە ٦٩٠ دینار دەفرۆشرێت."

دوو رۆژە بەنزینەکەی بەغدا لە شاری دهۆک دابەشدەکرێت و ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار گەیشتە هەولێر و بڕیاریشە لە ماوەکانی داهاتوودا بگاتە سلێمانیش، هاوکات، نرخی هەر لیترێک لە بەنزینەکە ٦٩٠ دینارە.

لە ماوەی رابردوودا، نرخی بەنزین لە شارەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووە، بەجۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ گەشتە ٨٠٠ دینار، کە ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و نەوەی نوێش بۆ هاوکاری هاوڵاتییان بەنزینی ٥٠٠ دیناری دابەشکرد، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتەوە بەربەستی بۆ دروستکرا تا لە دابەشکردنی بەردەوام نەبێت. 














گەلەری