سەردێڕ:

ئاستى فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دیاریکرا

PM:04:26:12/09/2021

10280 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ٪٥٠ی فرۆشتنی جیھانیی ئۆتۆمبێل تاکو ساڵی ٢٠٣٢، لە ئۆتۆمبێلی کارەبایی پێکبێت، کارەکانی ژێرخانی بنچینەیی ئەم سێکتەرە خێرایی بەخۆوە بينيوە.


لە راپۆرتێکدا بەناوی "ئاسۆکانی گواستنەوەی وزە ٢٠٢١" کە لەلایەن کۆمپانیای DNVی نەرویجیەوە ئامادە کراوە و پێشبینییەکانی دەربارەی ئۆتۆمبێلی ژینگە دۆستی لە خۆگرتووە، کۆیکردووەتەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ کردووە، دەرکردنی گازە ژەھراوییەکان کە ساڵی رابردوو بەھۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەمببوەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە خێرایی زیادیکردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، پێشبینی ئەوە دەکرێت خواست لەسەر وزەی جیھانی لە ماوەی ٣٠ ساڵدا لە ٪١٩ بۆ ٪٣٨ بەرزببێتەوە. بەرھەمھێنانی کارەبا لە سەرچاوەی خاوێن و بەردەوام گرنگ دەبێت بۆ رێگەگرتن لە خێرایی بڵاوبوونەوەی گازی ژەھراویی.

بەپێی ئەو راپۆرتەی کە پێشبینی ئەوە دەکات کە لە ساڵی ٢٠٥٠دا وزەی خۆر و با ٪٧٠ی تۆڕی بەرھەمھێنانی وزەى کارەبا پێکدەھێنێت، پشکی سەرچاوە بەردینەکانیش لەم بوارەدا ٪١٣ دەبێت.

لەبارەى خواست لەسەر گواستنەوە، کارەکان لە چین، ئەوروپا و ئەمەریکا بەردەوامە بۆ گۆڕینەوە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی گشتی و ئۆتۆمبێلە بازرگانییەکان بە ئۆتۆمبێلی کارەبایی. ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان لەم سێ ناوچەیەدا بە خێرایی زیاد دەکات، بەتایبەتی لە ئەورووپا پاکێجی ھاندانی وەکو پاڵپشتیی باج دەخرێتە بەردەم کڕیاران.

ھاوکات بە پێی راپۆرتی ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی کە ساڵی رابردوو فرۆشراوە، ٪٤١ زیادیکردووە و ئاستی سێ ملیۆنی تۆمارکردووە. رێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ساڵی رابردوودا سەدا ٤،٦ی کۆی فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی لە جیھان پێکھێناوە.

بەپێی ئامارەکانی کۆمەڵەی دابەشکارانی ئۆتۆمبێل، لە تورکیادا تاكو کۆتایی مانگی ئاب واتا لە ماوەی ئەو ھەشت مانگەدا کۆی گشتیی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی فرۆشراون گەیشتووەتە ھەزار و ١٩٦ و ئۆتۆمبێلی ھایبرد کە بە ھەردوو سستەمی بەنزین و کارەبا کاردەکات گەیشتووەتە ٣٢ ھەزار و ٨٨٥ ئۆتۆمبێل.













گەلەری