سەردێڕ:

ڤیدیۆی ژنێکی سەرتاشی سعودی کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا ھێنا

PM:01:59:12/09/2021

10840 جار خوێندراوەتەوە

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا ژنێکی سعودی دەردەکەوێت سەری منداڵێک دەتاشێت، ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی پشتگیری کردن و رەتکردنەوەی کارێکی لەو جۆرە بۆ ژنانی لە کۆمەڵگەی سعودیدا لێکەوتەوە.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ژنەکە بە "وەفا" ناوی دەھێنرێت، عەبدرەحمان مەتەری، یەکێک لە چالاکوانانی سعودیە لە تویتەری خۆی گرتە ڤیدیۆییەکەی بڵاوکردووەتەوە و نوسیوویەتی، "ئەمە نمونەیەکی جوانی کچێکی نیشتمانە، خەونمان دەبینی ژنێکی سەرتاش لە وڵاتەکەمان ببینین، ئەمڕۆ لەگەڵ کچەکەمان وەفا، ئەو خەونە ھەتەدی و بوو بەڕاستی، پێویستیمان بە ھاوشێوەی وەفا زۆرە لە شارەکەماندا".
دەشڵێت، خوا سەربەرزی بکات، کچی پیاوە و لێھاتووە، شانازی بە لێھاتوییەکەیەوە دەکات و ھیچ شەرمیش ناکات،  دایکی لە پشتییەتی و لەگەڵیدایە.
چالاکوانێکی دیکەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەسەر سوڕمانەوە لەتویتەری خۆی دەنوسێت، "ئاستەمە! ئەمە سعودی نییە، بەڕاستی پێویستە پشتگیری بکرێت چونکە ئەمە لێھاتووییە".
لەبەرامبەردا، ژنێک بەناوی "سەلما" لە تویتەری خۆی دیدی پێچەوانەی ھەیە و دەڵێت، "بەخوا ئەمە شتێک نییە شانازی پێوەبکەیت، بە پێچەوانەوە، ئەم ئیشە بۆ ژنان شیاونییە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکەی حەڵاڵە ھیچم پێ ناوترێ تەنھا دەڵێم، خوا پشتیوانی بێت".
محەمەد شیبانی، یەکێکی دیکەیە لەو ھاوڵاتیانەی رووداوەکەی بەڵاوە گرنگییە و لە تویتەری خۆی دەنوسێت، "ئەمە چ لێھاتووییەکی تێدایە، بابەتەکە گەورەکراوە، وامزانی ژنە سەرتاشەکە ئەلفرێد نۆبڵە، راگەیاندن بە ئامانجی پارە کۆکردنەوە بابەتکەیان ساختەکردووە و گەورەیان کردووە، ئەمە گاڵتەجاڕییە بەحەڵی خەڵکی سادە".
لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆییەکە ھاشتاگی # یەکەم – ژنە سەرتاشی – سعودی بۆ دانراوە و چالاکوانان و بەکارھێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆچوونی خۆیانی لەبارەوە دەخەنەڕوو.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەست بەکاربوونی محەمەد سەلمان وەک شازادەی وڵات، بەڵێنیدا ئەو ھەنگاوانە بگڕێتە بەر کە کۆمەڵگەی سعودی بەڕوی جیھانی نوێدا دەکاتەوە و دەیکاتە کۆمەڵگەیەکی سەردەمییانە، لەو کاتەوە ژنانی سعودییە مافی ئەوەیان ھەیە مۆڵەتی شۆفێری بەدەستبھێنن و لەناو یاریگادا ئامادەی بینینی یارییەکان بن و لە شوێنەگشتییەکاندا سێڵفی بگرن و بێ مەحرەم، باوک و برا و مێرد و مام و خاڵ، گەشت بکەن، لەکاتێکدا پێشتر ھیچ کام لەم کارانە بۆ ژنی سعودی رێگە پێدراونەبوون.

کـ، ئـ












گەلەری