سەردێڕ:

کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان: کەس و لایەنی ساختەکار و سەرپێچیکار سزای توند دەدرێت

PM:01:23:12/09/2021

4680 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگریکردن لە سەرپێچی، لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا، دەشڵێت، رێگە بە ھیچ پێشێلکاری و سەرپێچیەک نادەن و لێپێچینەوە لەگەڵ کاندید و لایەنی سەرپێچیکاردا ئەنجام دەدەن.


جومانە غلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "رێوشوێنی پێویست دانراوە بۆ چاودێریکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن، سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە سەرپێچی لە بڕیار و رێنماییەکانی کۆمیسیۆن دەکەن"، وتیشی، "لیژنەی سەرەکی و فەرعی پێکھێنراوە، بۆ چاودێریکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن و رێگریکردن لە سەرپێچیکردن."
وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق روونیکردەوە، لیژنە پێکھێنراوەکانی کۆمیسیۆن لە پەیوەندیدان لەگەڵ ھەموو لایەنەکان و بەشی تایبەت دانراوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا، باسی لەوەشکرد، "لیژنەکان راپۆرت لەسەر پێشێلکاریەکان ئامادە دەکەن و دەینێرن بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیۆن، تا کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر سکاڵاکان بدات."
لەبارەی ترس لە ئەنجامدانی ساختەکاری رایگەیاند، "لایەنی سەرپێچیکار و ساختەکار سزا دەدرێت، سزا بەغەرامە، یان زیندانی، یاخود غەرامە و زیندانی لە یەککاتدا"، جەختیشیکردەوە، "جگە لە لایەنەکان، ھەموو دەنگدەرێک مافی ئەوەی ھەیە سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام بە بەڵگەوە، ئەمەش لە پێناو سزادانی سەرپێچیکار."
بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئامساڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا ھاوڵاتیانی ھەرێم چاوەڕێین ئەم دۆخەی چەند ساڵی رابردوو لە خراپی گوزەران و دۆخی ئابوری و نەبوونی خزمەتگوزاری و بڕینی موچە لەبیرنەکەن و لە دەنگداندا بریاری دروست بدەن.












گەلەری