سەردێڕ:

ماوەی سەربازی زۆرەملێ و بڕی موچەی مانگانەکەی ئاشکراکرا

PM:03:39:08/09/2021

75732 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ماوەی بەسەربردنی خزمەت لە سەربازی زۆرە ملێدا بەگوێرەی بڕاوانامە دەبێت و موچەکەشی لە نێوان ٥٠٠ بۆ ٧٥٠ هەزار دینار دەبێت.


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباس سروت، ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەر هاوڵاتییەک هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا بێت، ماوەی خزمەتکردنی سەربازی تەنها دوو مانگ دەبێت، بەڵام هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس پێویستە شەش مانگ خزمەتی سەربازی زۆرە ملێ بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانەی هەڵگری بڕوانامەی پۆلی شەشی "١٢"ی ئامادەین ساڵێک و ئەو هاوڵاتییەی هەڵگری هیچ بڕوانامەیەک نییە دەبێت دوو ساڵ خزمەتی سەربازی زۆرەملێ بەسەربەرێت.

لەبارەی موچەی سەربازەکانەوە، عەباس سروت ئاشکرای کرد، ئەوانەی خزمەتی سەربازی زۆرەملێ دەیانگرێتەوە موچەی مانگانەیان لە نێوان ٥٠٠ هەزار بۆ ٧٥٠ هەزار دینار دەبێت و ئەویش بەگوێرەی بڕوانامەکانیان دەبێت.

لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژە یاسای سەربازی زۆرەملێوە، عەباس سروت، ئەندامی لیژنەی ئەمنی و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، لە ئێستادا بەدووری دەزانێت پەرلەمان بتوانێت دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدات، هەر بۆیە پەسەندکردنی دەچێتە خولی داهاتووی پەرلەمانەوە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێ.

١ی ئەم مانگە، حەسەن نازم وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پڕۆژەیاسای سەربازی بەزۆرەملێی دەربڕی لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای خزمەتی ئاڵادا.

خزمەتکردنی سەربازی بەزۆرەملێ لە سەردەمی سەدام حسێن سەرۆکی پێشووتری عێراقدا جێبەجێدەکرا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ و روخانی ئەو دەسەڵاتە.

ساڵی ٢٠٠٣ بە سەرۆکایەتی پۆڵ بریمەر حاکمی مەدەنی ئەمریکی لە عێراق ئەو پڕۆژەیاسایە هەڵوەشێنرایەوە و جارێکی تر سوپا پێکهێنراوەیەوە و زۆرەملێیی سەربازی کۆتایی پێهێنرا.








گەلەری