سەردێڕ:

تۆمەتبارێک لەکاتى دزینى موچەى خانەنشیناندا دەستگیرکرا

PM:03:21:07/09/2021

5840 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی نەزاهەی عێراق بڵاویکردەوە،تۆمەتبارێک لەبەردەم بانکێک دەستگیرکراوە کە بە کارتى ساختە لە هەوڵى دزینى موچەى خانەنشیناندا بوو.


دەستەی نەزاهەى عێراق لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەى بەوە کردووە نوسینگەى دیوانییەى دەستەکە توانیویانە لە بۆسەیەکدا بەفەرمانێکی دادوەری دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن و ساختەکردن دەستگیربکەن.

بەگوێرەى راگەیەندراوى دەستەکە "تیمەکانیان لەو نوسینگەیە، توانیوویانە پرۆسەی چاودێری و لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دوو تۆمەتبار بەسەرکەوتوویى ئەنجامبدەن".

ئەوەشی خستوتەڕوو، یەکێك لە تۆمەتبارەکان لەکاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا دەستگیرکراوە کە کارتێکی ساختەی بانکی یەکێك لە خانەنشینە مردووەکان و ناسنامەی ئەویشی بەکارهێناوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تۆمەتبارەکەی تریش دانیناوە بە تاوانەکەیدا و ماوەی پێنج ساڵە موچەی کەسێکی مردوو وەردەگرێت کە مانگانەکەی ٥٠٠ هەزار دینارە.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، کۆمەڵێك کارتی بانکی و ناسنامەی تر دەستیان بەسەرداگیراوە و تۆمەتبارانیش رەوانەی دادوەری لێکۆڵەر کراوون.













گەلەری