جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە نرخی دۆلاردا هەنگاوێکی تاوتوێ کراو بووە و گۆڕانکارییەکە دوای خوێندنەوەی زۆری وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی ئەنجام دراوە.
ئیحسان یاسری، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بانکی ناوەندی گەیشتووەتە نرخی ئێستای دۆلار کە نرخی سیاسەتی دارایی وڵاتە کە هەر دۆلارێك بە ١٤٥٠ دینار بیکڕێت و بە ١٤٦٠ دینار بیفرۆشێت و لەناو خەڵکیشدا بە ١٤٧٠ دینار مامەڵەی پێوە بکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، گۆڕینی نرخی دۆلار کاتی زۆر پێویستە و دەبوایە لە
ساڵی ٢٠١٠دا ئەو بڕیارە بدرێت و جێبەجێ بکرێت.
یاسرى هیواخواز بوو نرخی دۆلار جێگیر بکرێت، بەردەوام بێت و چالاکی
ئابووری بگەڕێنێتەوە لەژێر ڕۆشنایی ئەو نرخەی ئێستای.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە بەهۆی باشبوونی نرخی
نەوتەوە یارمەتی کورتهێنانی دارایی دەدات و باوەڕ ناکرێت تا کۆتایی ساڵ ئەو گرفتە
چارەسەر بکرێت.
جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رونیکردەوە، پێشنیازکراوە جیاوازی نرخی
نەوت و داهاتەکەی بەکاربێت بۆ پرۆژەکان و پارێزگاکان، بەڵام بۆچوونی حکومەت و پەرلەمان
و دەسەڵاتی دارایی ئەوەیە کە کورتهێنانی بودجە لەسەرو هەموو پڕۆژەیەکی ترەوە چارەسەر
بکرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە بڕیارێکی
حکومەتی ناوەندی بەهای دۆلاری ئەمەریکی بەرزکرایەوە و نرخی هەر دۆلارێك بە ١٤٥٠ دینار
جێگیرکرا و لە مانگی ئازاری ئەمساڵیشدا لە پڕۆژە یاسای بودجەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی
عێراق نرخی دۆلاری بەهەمان نرخی بانکی ناوەندی جێگیرکرد.