سەردێڕ:

تاڵیبان داوایەک لە ژنان دەکات

PM:11:21:27/08/2021

22420 جار خوێندراوەتەوە

بزووتنەوەی تاڵیبان داوای لەو ژنانە کردووە کە لە کەرتی تەندروستی کار دەکەن بگەڕێنەوە سەر کار و جەختیشیان لەوەکردووەتەوە کە هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم گەڕاندنەوەی ئەو کارمەندانە بۆ ئەوەی کارەکانیان بەشێوەیەکی ئاسایی ئەنجامبدەن، دروست ناکەن.


زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "وەزارەتی تەندروستی دەوڵەتی ئیسلامی ئەفغانستان کارمەندە ژنەکان ئاگادار دەکاتەوە کە پێویستە ئامادەبن بۆ گەڕانەوە بۆ ئەرکەکانیان بەشێوەی خولی لە ناوەندەکان و لە ویلایەتەکانی ئەفغانستاندا."

لەپەیامەکەیدا، وتەبێژی بزووتنەوەی تاڵیبان ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دەوڵەتی ئیسلامی ئەفغانستان هیچ بەربەستێک بۆ کاری ژنان لە کەرتی تەندروستیدا درووست ناکات.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی کۆماری ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە روبەڕوی بزووتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە".

ئەفغانستان، دانیشتووانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمتەری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بەروبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا و دوو هێندەی روبەری بەریتانیا.













گەلەری