سەردێڕ:

هۆکاری بەرزبوونەوەی گەرمای عێراق ئاشکراکرا و چارەسەرەکەشی خراوەتەڕوو

PM:08:33:27/08/2021

9300 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، گرنگترین ئەو هۆکارانەی کە لەبەردەم گۆڕینی کەش و هەوا و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادان، بریتین لە راماڵینی ناوچە کشتوکاڵییەکان و زۆری ئۆتۆمبێل و موەلیدەی ئەهلی گەڕەکەکان.


عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی کەشناسی عێراق بڵاویکردەوە، گرنگترین کێشە کە عێراق ڕوبەڕوی دەبێتەوە، راماڵینی ناوچە کشتوکاڵییەکانه و ئەمەش کارەساتێکی سروشتییه بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، بێچگە لە کێشەی زۆربوونی ئۆتۆمبیل لە شەقامەکان و پشت بەستن بە موەلیدەی ئەهلی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کە بەهۆیەوە گازی ژەهراوی بڵاودەکاتەوە.

روونیشیکردەوە، سەرجەم ئەو راپۆرتە رۆژنامەوانییه نێودەوڵەتیانەی کە ئاماژە بەوە دەدەن ناوچەکانی عێراق لە ئایندەدا رەنگە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە گونجاو نەبێت بۆ ژیان، راست نین و دووره لە لۆژیکەوە چونکە گۆڕانکاری لەکەش و هەوا تەواوی جیهانی گرتووەتەوە.

عامری جابری وتیشی، کۆمەڵێک رێکار هەن دەتوانرێت بەهۆیەوە پلەکانی گەرما نزمبکاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی سەوزاییەکی زۆر و پشت بەستنن بە پشتینەیەکی سەوزایی لە دەوروبەری شارەکاندا هەروەها دوورکەوتنەوە لە راماڵینی ناوچە کشتوکاڵییەکان.








گەلەری