وەلید بن تەڵاڵ، گەورە ملیاردێری سعودی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، گەشتی ١٥٣ وڵاتی جیهانی لە شەش کیشوەردا کردووە و زۆربەی وەرزشە جیاوازەکانی ئەنجامداوە.
لەوبارەیەشەوە، بن تەڵاڵ گرتەڤیدیۆییەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا دەردەکەوێت کە ناوبراو چەندین وەرزشی جۆراوجۆر ئەنجامدەدات لەوانەش وەرزشەکانی، راکردن، ئەسپواری، تۆپی پێ، تیرهاویشتن و چەند جۆرە وەرزشی دیکە لە چەندین وڵاتی جیهان ئەنجام دەدات.
لە ئێستادا وەلید بن تەڵاڵ سەرقاڵی ئەنجامدانی پرۆژەی
"نیوم" کە پرۆژەیەکی هەرگەورەی بواری نیشتەجێبوون و گەشتیارییە و یەکێکە
لە پرۆژە گەورەکانی بواری وەبەرهێنانی فرەچەشن کە سوود بە قەبارەی وەبەرهێنانی سعودیە
دەگەیەنێت و ئامانج لە پرۆژەکەش، زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی سعودیەیە و دوورکەوتنەوەش
لە پشتبەستن بەشێوەیەکی سەرەکی بە نەوت.
پرۆژەکە؛ بونیادنانی ناوچەیەکی گەورەی ئابوری لە باکوری
رۆژئاوای سعودییە لەخۆدەگرێت و تیایدا زەوی هەریەکە لە ئوردون و میسریشی تیێدا بەکاردێت
و بڕی زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدادەکرێت، پێشبینیش دەکرێت بەشی یەکەمی
پرۆژەکە لە ساڵی ٢٠٢٥دا کۆتایی بێت.
وەلید تەڵاڵ ئالسعود، شازادەی بنەماڵەی فەرمانڕەوای سعودیەیە
و لە ئازاری ساڵی ١٩٥٥دا لەدایکبووە، بەگوێرەی خەمڵاندێکی ماڵپەری فۆربیس لەساڵی
٢٠١٧دا، سامانەکەی وەلید بە زیاتر لە ٣٩.٨ ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و بە حەوتەم دەوڵەمەندترین
پیاوی جیهان لەقەڵەم دەدرا.