سەردێڕ:

کابینەکەی رەئیسی لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە متمانەی پێدرا

PM:07:15:25/08/2021

5612 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ پەرلەمانی ئێران کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیایدا متمانەی بە کابینە وەزارییەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران بەخشی.


لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا، هەریەکە لە وەزیرانی دەرەوە، ئاسایش، بەرگری، ئابووری، تەندروستی، کار، کشتوکاڵ، داد، رێگاوبان، بازرگانی، خوێندنی باڵا، رۆشنبیری، ناوخۆ، گەشتوگوزار، نەوت، وزە، لاوان و وەرزش متمانەیان پێدرا.

لەمیانەی پێشکەشکردنی وتەیەکیشیدا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، "چیتر هاوڵاتییانی وڵاتەکەی بەرگەی ململانێ و جیاوازییەکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان ناگرن و دەبێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی پێگە سیاسییەکەی، لێکۆڵینەوە لەگەڵ هەر بەرپرسێکدا بکرێت کە لەگەندەڵییەوە تێوەگلابێت.

رەئیسی ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تۆمەتانەی هەندێک لە پەرلەمانتارەکان لەبارەی كانديدانى کابینە وەزارییەکەوە تایبەت بە تێوەگلانیان لەگەندەڵی باسیان کرد "هێشتا نەسەلمێنراوە و دەبێت دادگا یەکلایی بکاتەوە".

هاوکات، لەکۆبوونەوەکەدا کاندیدى وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن متمانەی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا.

پاش ئەوەی رۆژی ١٨ی حوزەیرانی ئەمساڵ، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵبژاردنی گشتی ئەنجامدا و بەزۆرینەی دەنگیش ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، رۆژی ٣ی ئەم مانگەش رەئیسی وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستبەکاربوو.

ئیبراهیم ره‌ئیسی لە ساڵانی ٢٠٠٤ تاكو ٢٠١٤ جێگری سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بووە، لە ماوەی ساڵانی نێوان ٢٠١٤ تاكو ٢٠١٦ داواكاری گشتی ئێران بووە و لە ساڵی ٢٠١٩ەشەوە وەك سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەستبەكاربووە.

ئیبراهیم رەئیسی؛ ناوی تەواوی (سەید ئیبراهیم رەئیسیی ساداتیی)ییە و لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٠دا لەشاری مەشهەدی ئێران لەدایکبووە، لەهەڵبژاردنەکەی ساڵی ٢٠١٧ی ئەو وڵاتەدا بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری ئێران خۆی پاڵاوت، بەڵام بەبەدەستهێنانی ٣٨.٣% رێژەی دەنگەکان لەبەرامبەر ٥٧%ی رێژەی دەنگەکانی حەسەن رۆحانی، شکستی هێنا.













گەلەری