سەردێڕ:

ئاوارەکانی عێراق لە جیاتی گەڕانەوەیان بۆ شارەکانیان دێنەوە کەمپەکان

PM:11:55:22/08/2021

2640 جار خوێندراوەتەوە

دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەشێک لە ئاوارەى کەمپەکان بەهۆی نەبوونی ئاو و کارەبا و ئیش و دابینکردنی ژیانی رۆژانەیان، ناچار جارێکی دیکە ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووەتەوە و روویان لەکەمپەکان کردووەتەوە.


خەلەف یەکێک لە ئاوارەکانی شاری نەینەوایە بە سکای نیوزی عەرەبی راگەیاندووە، "ئێمە لەنێوان دوو بژاردەدا بووین کە شیرینترینیان تاڵترینیانبوو، ئەویش مانەوە لەناو کەمپی ئاوارەکان یان گەڕانەوە بۆ شوێنی نیستەجێبوونی سەرەکیمان".

دەشڵێت، دواجار بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە بۆ نەینەوا و لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیەدا هەڵبکەن، بەڵام نەبوونی ئاو و کارەبا و بێکاری و دابیننەکردنی بژێوی ژیانی رۆژانەیان، ناچاربوون جارێکی دیکە روو لە کەمپی ئاوارەکان بکەنەوە.

خەلەف وتیشی، "ئەگەرچی ژیان لەکەمپەکاندا سەختە، بەڵام هیچ نەبێت کۆمەکی رێکخراوە خێرخوازەکانمان پێدەگات و دەتوانین بژێوی ژیانمان دابین بکەین، چونکە کارێک نەبوو تا بتوانم بژێوی رۆژانەی خێزانەکەم دەستبخەم، جگە لەوەی بەردەوام نرخی پێداویستییەکان بەرزدەبوونەوە و ژیان سەختتر دەبوو".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان ئێستا لە دۆخی هەستکردن بە نامۆبوون بە نیشتیمان و ژیان و خزم و کەس و خۆشەویستەکانیان ژیانیان دەگوزەرێنن وهەموو بیرەوەرییە خۆشەکانی رابردوویان لە شارەکە و کۆڵانەکانی لەدەستداوە و لە ئێستادا لە دۆخێکی ناسەقامگیر و دوودڵیدا ژیان بەڕێدەکەن.

پێشتریش، ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکردنی پلانی نیشتیمان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ رۆژنامەی فەرمی سەباح رایگەیاند، سەرەڕای گەڕانەوەی ژمارەیەک لە ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام بەداخەوە جارێکی دیکە بەشێکیان بە هۆی نەبوونی هیچ خزمەتگوزارییەک لە پارێزگاکانیان لە ئاو و کارەبا و بێ کاری و کێشەی خێڵەکییان گەڕاونەتەوە بۆ ناو کەمپی ئاوارەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای دەستبەسەرداگرتنی پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین و سامەرا و دەوروبەری کەرکوک لەلایەن گروپی چەکداری داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤، ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو پارێزگا و ناوچانە ئاوارەبوون و روویان لەکەمپی ئاوارەکان کرد بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.

پێش چوارساڵ لەمەوبەر حکومەتی فیدڕاڵی شکستپێهێنانی داعشی راگەیاند و لەهەوڵدایە ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ شوێن و زێدی خۆیان بێ ئەوەی هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەکی ژیانیان لە ئاو و کارەبا و پێداویستی سەرەتایی بژێوی ژیانی رۆژانە و هەلی کارییان بۆ دابین بکات.








گەلەری