سەردێڕ:

لەسەر هاوسەرگیری کاتی؛ لە زانکۆی ئەزهەرەوە روونکردنەوە دەدرێت

PM:02:39:22/08/2021

22748 جار خوێندراوەتەوە

مامۆستایەکی فیقهی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزهەر رایگەیاند، هاوسەرگیری کاتی ناسراو بە (پارت تایم) هاوشێوەی هاوسەرگیری موتعە (سیغە) نییە و "ناتوانم بە تاوانی دابنێم."


ئەحمەد کەریمە شەرعناس و مامۆستای فیقهی بەراوردکاری لە زانکۆی ئەزهەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، مەرجەکانی هاوسەرگیری لە شەریعەتی ئیسلامیدا بریتییە لە رەزامەندبوونی هەردوولا بە ئامادەبوونی شاهید و دانانی بڕێک لە مارەیی، هەر هاوسەرگیرییەک ئەم مەرجانەی تێدابوو بە هاوسەرگیری شەرعی دادەنرێت و هەموو مافەکان بۆ هەردوولا دەستەبەردەکات لە میراتگرتن و پێکەوەژیان و چێژ لە یەکتربینین.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر ژنێک رازی بوو ببێتە هاوسەری دووەمی پیاوێک و دەستبەرداری مافی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و شەومانەوەی بوو ئەوا هاوسەرگیرییەکەیان دروستە.

ئەحمەد کەریمە دەشڵێت، نابێت ئەم دۆخە گشتاندنی بۆ بکرێت، چونکە هەموو خێزانێک ئەم دۆخەی پێ قبوڵناکرێت.

لە درێژەی وتەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، "ناتوانم هاوسەرگیری پارت تایم بە تاوان دابنێم و قەدەغەی بکەم، هەتا هاوسەرگیرییەکە مەرجە شەرعییەکانی تێدابێت، ئەمەش هاوسەرگیری سیغە نییە."

وتیشی، هاوسەرگیری سیغە ماوەی کاتەکەی لە کاتی مارەکردنەکەدا دیاریدەکات بۆماوەی مانگێک یان دوو مانگێک بێت، ئەوکات ئەمە هاوسەرگیرییەکی دانەمەزراوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا جگە لە هاوسەرگیری باو لەناو کۆمەڵگە موسڵمانەکاندا، لەناو موسڵمانانی شیعە مەزهەب جۆرێکی دیکە لە هاوسەرگیری کاتییان هەیە کە بە موتعە یان سیغە ناسراوە.

لەم ساڵانەی دواییدا، لە ئەنجامی گۆڕانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و کەلتورییەوە چەند جۆرێکی دیکە کە هاوسەری میسیار و پارت تایمن لەناو موسڵمانانی سوننە مەزهەبدا دەرکەوتووە، ئەمەش لەناو دامەزراوە فەرمییەکانی وەک زانکۆ و دامەزراوەی ئاینی وەک مزگەوت گفتوگۆی جیاوازی دروستکردووە.

کـ. ئـ













گەلەری