سەردێڕ:

بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەت مەلا برادەر گەیشتەوە کابوڵ

PM:08:02:21/08/2021

7848 جار خوێندراوەتەوە

مەلا عەبدولغەنی برادەر سەرۆکی دەستنیشانکراوی بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر ئەمڕۆ لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە گەیشتەوە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.


ئەمڕۆ شەممە، دوای شەش رۆژ لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان و دوو رۆژ لە جێگیرکردنی دەسەڵاتیان بەسەر تەواوی ئەو وڵاتەدا، مەلا برادەر عەبدولغەنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی تاڵیبان و کەسایەتی دووەمی ناو بزوتنەوەکە و کاندیدی دەستنیشانکراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی کاتی بنکەفراوان لە دەوحەی پایتەختی قەتەرەوە گەیشتەوە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان.

بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاند، مەلا برادەر گەیشتووەتەوە کابوڵ بە ئامانجی سازدانی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە جیهادی و سیاسییەکانی وڵات بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر و بنکەفراوان.

مەلا عەبدولغەنی برادەر دوای ٢٠ ساڵ لە شکستهێنانی بزوتنەوەى تاڵیبان و چوونەدەرەوەیان لە ئەفغانستان، یەکەم سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی تاڵیبانە بە ئاشکرا گەڕاوەتەوە کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتە.

لەبارەی دەنگۆی رفاندنی چەند کارمەند و دبلۆماتکارێکی بیانییەوە لە ئەفغانستان، بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی تاڵیبان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، چەکدارانی بزوتنەوەکەی هیچ دبلۆماتکارێکی بیانییان نەرفاندووە، بەڵکو هەندێکیان پێش ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردووە، بەڵگەنامەیەکی نهێنی نەتەوەیەکگرتووەکان دزەی پێکراوە تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، بزوتنەوەی تاڵیبان دەستی کردووە بە گەڕان و دۆزینەوەی ئەوهاوڵاتییە ئەفغانانەى کاریان لەگەڵ هێز و پەیکە دبلۆماتکارەبیانییەکان کردووە تا دەستگیریان بکەن.

لەماوەی رابردوودا، بەرپرسانی بزوتنەوەی تاڵیبان بەڵینیاندا کە رەفتارەکانیان گۆڕانکاری بەسەردادێت بەراورد بەماوەی حکومڕانییان لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠١.

پێشتریش، حکومەتی فەرەنساش، مەرجەکانی خۆی بۆ مامەڵەکردنی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەفغانستان ئاشکراکردوو دوای لێکرد، پێویستە بزوتنەوەی تاڵیبان پابەندبێت بە رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و ئاسانکاریکردن بۆ هەر کەسێک بەنیازە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت و رێگەنەدات وڵاتەکەیان ببێتە "مۆڵگەی تیرۆرستان" و رێگە بدات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ئەو وڵاتە و حکومەتێکی راگوزەر پێکبهێنێت.

هاوکات، هەرئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ئۆرسۆلا فۆندێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە، یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا دانی بە بزوتنەوەی تاڵیباندا نەناوە و هیچ گفتوگۆیەکی سیاسی لەگەڵدا سازنەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازدەکات کۆمەکییە مرۆییەکانی یەکێتی ئەوروپا لە ئەمساڵدا بۆ ئەفغانستان زیادبکات و مەرجی رێزگرتنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان و کەمینەکان بۆ بزونتەوەکە دابنرێت و پێیانەوە پابەندبێت.

لەلایەن خۆشییەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا داوای لە بزونتەوەی تاڵیبان کرد، بەمەرجی دووبارە نەکردنەوەی هەڵەکانی رابردوویان، وڵاتەکەی ئامادەیە بەردەوامی بدات بە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی کابوڵی نێودەڵەتی.

هەر ئەمڕۆ، سوهەیل شاهین وتەبێژی تاڵیبان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی سی جی تی ڤی چینی رایگەیاند، بزوتنەوەکەی چین و تورکیا بەهاوبەشی سەرەکی دەزانێت لە ئاوەدانکردنەوە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەی لەو دۆخەی کە بەهۆی شەڕەوە دووچاری بووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ''ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان پێویستی بە هاوڕێیەتی و پشتیوانی و هاوکاری تورکیایە وەک لەهەر دەوڵەتێکی تر''.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە.

کـ، ئـ













گەلەری