سەردێڕ:

سەرۆکی ئەمریکا: نەدەکرا سەربازەکانمان لە جیاتی سوپای ئەفغانستان شەڕیانبکردایە

PM:11:13:16/08/2021

9064 جار خوێندراوەتەوە

جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا لە چوارچێوەی پێشکەشکردنی وتارێکیدا لەبارەی پێشهاتەکانی ئەفغانستانەوە رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانمان بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆر پەرەپێداوە، ئەگەر دۆخە پێویستبکات.


ئاماژەی بەوەشدا، هەڕەشەی تیرۆر تەنها لە ئەفغانستاندا کورتناکرێتەوە.

جۆ بایدن ئەوەشی خستەڕوو، ئامانجمان لە ئەفغانستان رێگریکردن بووە لە دەستدرێژییەکانی تیرۆرستان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.

وتیشی، هیچ کاتێکی گونجاو بوونی نەبوو بۆ کاتی کشانەوەی هێزەکانمان لە ئەفغانستان.

لە بارەی ئەنجامدانی جەنگ لە ئەفغانستاندا رایگەیاند، "سوپای ئەفغانستان دەبوو خۆیان بەرگرییان بکردایە نەک سەربازەکانی ئێمە. چیدیکە ئامادەنین کوڕ و کچی خۆمان بە کوشت بدەین".

وتیشی، دۆخەکەبەشێوەیەکی چاوەڕنەکراو لە ئەفغانستان بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی.

 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا بە درێژایی ٢٠ ساڵی رابردوو هەڵەیان کردووە سەربازەکانیان لە ئەفغانستان جێگیرکردووە.

لە درێژەی وتارەکەیدا باسی لەوەشکرد، بەردەوامدەبین لە پشتیوانی کردنی کەسانی سیڤیل و هاوپەیمانەکانمان و هاوکاری ئاوارەکان دەکەین و کاردەکەین لەسەر پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ.

ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکی ئەفغانستان رەتیکردەوە دانوستان لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان بکات. ئێمەش ناتوانین بۆ هەتا هەتایە سەربازەکانمان لەو وڵاتە بهێڵینەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەو وڵاتە، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و دوای چەند کاتژمێرێکیش، ئەشرەف غەنی سەرۆکی کۆماری ئەفغانستان، وڵاتی بەرەو تاجیکاستان بەجێهشت و لەپەیامێکیشیدا رایگەیاند، "بەهۆی ئەوەی نەیویستووە خوێن بڕژێت، ئامادە نەبووە رووبەڕووی بزووتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە".













گەلەری