سەردێڕ:

کازمی: بریندارەکانی نەخۆشخانەکە بۆ چارەسەر دەبرێنە دەرەوەی عێراق

AM:08:16:13/07/2021

6984 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیمام حسێنی پارێزگای زیقار کەوتەوە و بەهۆیەوە ٦٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥٠ی دیکە برینداربوون، مستەفا کازمی لەگەڵ وەزیران و بەرپرسانی ئەمنیدا کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد.


پاش ئەوەی شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیمام حسێنی پارێزگای زیقار کەوتەوە و بەهۆیەوە ٦٣ کەس گیانیان لەدەستدا و ٥٠ی دیکە برینداربوون، مستەفا کازمی لەگەڵ وەزیران و بەرپرسانی ئەمنیدا کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی دەرکرد.

لە بڕیارەکانی کازمیدا هاتووە، حکومەت لێکۆڵینەوەیەک لە ئاستی باڵادا دەستپێدەکات تایبەت بە هۆکارەکانی رووداوەکە و شاندێکی حکومەت لە وەزیرەکان و بەرپرسە ئەمنییەکان لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەکەن.

هەروەها بڕیاردراوە بە "دەستلەکارکێشانەوە و دەستبەسەردا گرتنی بەڕێوەبەری تەندروستی زیقار و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی پارێزگاکە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."

ئەوەس هاتووە، "کە پێداویستی و هاوکارییەرکان خێرا بگەیەنرێتە پارێزگاکە و داوای لێبوردن لە کەسوکاری قوربانییەکان بکرێت و پۆزشیان بۆ بهێندرێتەوە، سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسانەی برینەکانیان سەختە ببرێنە دەرەوەی عێراق بۆ چارەسەر."

لەگەڵ ئەوەشدا ماتەمینی گشتی بۆ روحی گیان لەدەستداوەکان راگەیاندراوە.

شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیمام حسێنی زیقار کەوتەوە، ئاماری گیان لەدەستدانەکان بە ئاگرەکە روو لە بەرزییە و بەپێی دوایین زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا ٦٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٢ کەسیش بریندارن.

نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لە زیقار تایبەتە بە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە بەهۆی تەقینی بتڵێکی ئۆکسجینەوە بووە، بەڵام نازانرێت کە بۆچی بتڵەکە تەقیوە.

وەک میدیا عێراقیەکان باسی دەکەن، دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کارمەندی نەخۆشخانەکەن و پاش چەند کاتژمێرێک لە ئاگرەکە ئنجا توانرا کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام نەخۆشخانەکە بە تەواوی سوتا.

پاش کەوتنەوەی ئاگرەکە باری نائاسایی لە زیقاردا راگەیاندرا و هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن و بە فەرمی هیچ لایەنێکی حکومی هۆکاری رووداوەکەی ئاشکرا نەکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەممەش؛ ئاگر لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی کەوتەوە، بەڵام جگە زیانە ماددییەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.
هـ.ئـ












گەلەری