سەردێڕ:

تاڵیبان دەچێتە نێو کابوولەوە

AM:10:59:15/08/2021

36256 جار خوێندراوەتەوە

میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئێستا چەکدارانی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەرجەم دەروازەکانەوە دەستیانکرد بە چوونە نێو کابوولی پایتەختەوە.


وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان لەراگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەئێستادا چەکدارانی سەر بە بزووتنەوەی تاڵیبان زانکۆی ئەفغانستانیان کۆنتڕۆڵکردووە و تیایدا ئاڵای تاڵیبانیان لەسەر زانکۆکەکە هەڵکردووە.
میدیا جیهانییەکان ئەوەیان خستوەتەڕوو، لەئێستادا بەشێک لە بارەگا و دامەزراوە حکومییەکان لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە دەستکراوە بە چۆڵکردنیان.

لەراگەیەندراوێکدا، بزووتنەوەی تاڵیبان ئاشکرایکردووە، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان لە گفتوگۆی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بەبێ ئەوەی خوێنی هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی بڕژێت، پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی کابوولی پایتەخت کۆتایی بێت.

ماڵپەڕی سکای نیوزی بەریتانیش بڵاویکردەوە، لەنێو باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاگرکەوتەوە و بەرپرسانی باڵیۆزخانەکەش هۆکاری ئاگرەکە بۆ سوتانی ئەو دۆکیۆمێنت و فایلە گرنگانەی باڵیۆزخانەکە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەست چەکدارانی تاڵیبانەوە.

 

ئێوارەی دوێنێش، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕیوە بە ڕەوانەکردنی پێنج هەزار سەرباز بۆ ئەفغانستان بۆ ئاسانکاریکردنی گەڕاندنەوەی هاوڵاتییە ئەمریکییەکان و پەیکە دبلۆماتییەکانی لەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە، هۆشداریدایە بزوتنەوەی تاڵیبان لەوەی هەر هێرشێک بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەوا بە خێراترین و بە هێزترین گورز وەڵامی دەدرێتەوە.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ملیۆن کەس لەکابوولی پایتەختدا دەژین کەدەکاتە ١٢٪رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە.

رووبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمتەری چوارگۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بەرووبەڕی ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا و دوو هێندەی رووبەڕی بەریتانیا.


 

 

 













گەلەری