سەردێڕ:

کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی هەڕەشەی راگرتنی کارەکانیان دەکەن

AM:10:34:06/07/2022

1780 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری یەکێک لەو کۆمپانیایانەی سەرپەرشتی پاککردنەوەی شەقام و گەڕەکەکانی سلێمانی دەکەن رایگەیاند، مۆڵەتێکی سێ رۆژییان بە حکومەت داوە بۆ خەرجکردنی پارە کە ئەمڕۆ کۆتایی دێت و ئەگەر پارەکە خەرج نەکەن کارەکانیان رادەگرن.


شکار شۆرش بەرێوەبەری کۆمپانیای شکار بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند هەرسێ کۆمپانیای شکار و خالید شینکی و هەرێم کە کاری پاکردنەوەی زبك و خاشاکی ناوشاری سلێمانی دەکەن لە رۆژی یەکشەممەوە نوسراویان ئاسارستەی شارەوانی سلێمانیکردووە و مۆڵەتی تاوەکو ئەمرۆ چوارشەممەیان داوەتە حکومەت، ئەگەر پارەیان بۆ خەرجنەکرێت سبەینێ کارەکان رادەگرن.

شکار شۆرش ئاماژەی بەوەشکردووە، لە مانگی ١٠ی ساڵی پارەوە حکومەت هیچ بڕە پارەیەک و هیچ شایستەکی دارایی کۆمپانیاکانی خەرجنەکردووە.

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشتر یەکێک لە حزبەکان موچەی سێ مانگی کرێکاران و ژینگەپارێزانی بە قەرز داوتە کۆمپانیاکە و جگە لەوە هیچ پارەیەک بە کۆمپانیاکانی پاککەرەوە نەدراوە.

دەشڵێت، "توانامان نەماوە کە چیتر ئامێرەکان کارپێبکەین و خەرجی رۆژانەی کارمەندەکان و پێداویستییەکانیان دابین بکەین."

ئەمەش لەکاتێکدایە، کێشەی موچەی ژینگەپارێزان چەندین مانگە لە سنوری سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و چەندین ناوچەی دیکە بەردەوامی هەیە و لەمانگی سێی ئەمساڵدا ژینگەپارێزانی سلێمانی زیاتر لە هەفتەیەک بایکۆتی کارەکانیان کرد و ژینگەپارێزانی سنوری ئیدارەی راپەڕینیش لەمانگی ئایاردا چەند جارێک کارەکانیان بایکۆتکرد.

لایخۆشیەوە، نەورۆز عوسمان بەڕێوەبەری بەشی نەخۆشیە گواستراوەکانی تەندروستی سلێمانی پێشتر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاندبوو، لە ئەگەری بەردەوامی بایکۆتی کۆمپانیاکانی پاکەرەوە و مانەوەی زبڵ و خاشاک لە بازاڕ و شەقامەکاندا، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار و گوازراوە هەیە.

وتیشی، مانەوەی خۆڵ و خاشاک لە شەقام و کۆڵانەکان بۆ ماوەیەکی زۆر، دەبنە مۆڵگەیەک و شوێنێک بۆ گەشەسەندن و کۆبوونەوەی میکرۆب و بەکتریا زیانبەخشەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوە و توشبوون بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و سکچوون و نەخۆشیەکانی پێست و هەستیاری کۆئەندامی هەناسەدان، کە ئەو نەخۆشیانە بۆ سەرجەم تەمەنەکان مەترسیدارن و ئەگەری گیانلەدەستدانی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت لە منداڵاندا.

ئەو پزیشکە باسی لەوەش کرد، بەهیچ شێوەیەک نابێت زبڵ و خاشاک لە نزیک شوێنی نیشەجێبوونی هاوڵاتییان هەبێت. چونکە بەهۆی مێش و مەگەزەوە زیاتر بەکتریا و میکرۆبەکان بڵاودەبنەوە بەوەش ماددە خۆراکیەکان و سەوزە و میوەی بازاڕ و مارکێتەکان پیس دەبێت.

گۆران لوقمان، سلێمانی

ل.ل













گەلەری