سەردێڕ:

ئەو کوردە کێیە بووە وەزیری دارایی بەڕیتانیا؟

AM:08:34:06/07/2022

10436 جار خوێندراوەتەوە

دوابەدوای ئەوەی شەوی رابردوو، دوو وەیزیری حکومەتەکەی جۆنسن دەستیان لەکارەکانیان کێشایەوە، تەنها کەمێک دوای رووداوەکە بۆریس جۆنسنی سەرۆکوەزیران رایگەیاند، نەدیم زەهاوی پۆستی وەزیری دارایی وەردەگرێت و لە جێگەی ریشی سوناک دەستبەکار دەبێت.


زەهاوی تەمەنی ٥٥ ساڵە، پێشبینی دەکرێت رووبەڕووی ئاستەنگی و قەیرانی زۆر ببێتەوە بەهۆی ئەو دۆخەی لە وڵاتەکەدا دروست بووە لە ئێستادا و پێویست دەکات رووبەڕووی فشارەکان ببێتەوە باجەکان کەمبکاتەوە لەو ئاستە بەرزەی لە ئێستادا هەیە کە بەرزترینە لەماوەی دەیان ساڵی رابردوودا.

زەهاوی پێشتر لە وەزارەتی پەروەردە کاری کردووە و دواتریش و دوای کارکردن لە هەر دوو وەزارەتی بازرگانی و پەروەردە و وەرگرتنی چەند رۆڵێکی جیاواز، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ چاودێری کردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دانراوە و جۆنسنیش داوای لێکردووە یاساکانی تایبەت بە کابینەکەی زەهاوی دایبڕێژێت.

نەدیم زەهاوی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٧ی شاری بەغدایە لە عێراق و بەڕەچەڵەک کوردە و لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە و لە ساڵی ٢٠١٠وە ئەندامی پەرلەمانی بەڕیتانیایە و لە ساڵی ١٩٧٦ و لە تەمەنی نۆ ساڵی دا بووە کاتێک خێزانەکەی لە سەردەمی سەدام حسێندا عێراقیان بەرەو بەڕیتانیا جێهێشتووە.

لە ئێستاشدا بەیەکێک لە سیاسییە دیارەکانی بەریتانیا دادەنرێت، پێشتریش لەناو حکومەتی بەریتانیا چەند پۆست و بەرپرسیارێتیەکی وەرگرتووە لەناو حکومەتی بەریتانیا لەوانە، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری خێزان و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری وەرگرتنی ڤاکسین و وەزیری پەروەردەی بەریتانیا.

دوێنێ سێشەممە، ساجید جاوید وەزیری تەندروستی بەریتانیا لە راگەیاندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و وتی، "چیتر ناتوانم بە ویژدانەوە بەردەوام بم لە کارکردن."

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆی روونبووەوەتەوە دۆخی ئێستای وڵاتەکەی لەژێر سەرکردایەتیی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیدا ناگۆڕێت و بۆریس متمانەی ئەوی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستوەتەروو، بەریتانیا پێویستیی بە پارتێکی نەریتخوازی بەهێز و خاوەن بنەمایە.

هاوکات، ریشی سوناک وەزیری دارایی بەریتانیاش دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، خەڵک لە چاوەڕوانی ئەوەدان حکومەت بەباشی، و بەتەواوی کاروباری وڵات بەڕیوە ببات بەڵام باوەڕی وایە ئەو بنەمایە دەبیت هەوڵی بۆ بدریت.

ل.ل

 













گەلەری