سەردێڕ:

سەرۆکی هەرێم پێشوازی له‌ لیندزی گراهام و شاندی یاوەری کرد

PM:03:19:05/07/2022

2628 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پێشوازیی سیناتۆرێکی ناوداری ئەمریکی رایگەیاند، كليلى سه‌قامگيرى و چاره‌سەركردنى كێشه‌كانى عێراق، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدايه‌ به‌ گفتوگۆ و به‌پێی ده‌ستوور.


ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکایەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، رۆژی دووشەممە نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى ‏هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ لیندزی گراهام، سيناتۆرى ناوداری ئەمریکی ‏و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، شاندەکە پێکهاتبوو لە ئالينا رۆمانۆوسكى، باڵيۆزى ئەمريكا له‌ عێراق و جه‌نه‌راڵ جۆن برێنان، فه‌رمانده‌ى هێزى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و ژماره‌يه‌ك ‏ديپلۆماتكار و پله‌دارانى سه‌ربازيى ئەمریکی.

راگەیەنراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، له‌ کۆبوونەوەیاندا دۆخى عێراق و پرۆسه‌ى سياسی وڵات، دوايين پێشهاته‌كانى ‏شه‌ڕى دژى تيرۆر، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى نێوانيان، دۆخى سوريا و پرسى كورد له‌و وڵاته‌، تاوتوێ كراون.

ئاماژەی بەوەشداوە، هەروەها هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيریی‌ ناوچه‌كه‌ كردووەتەوە و ‏كۆك بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مه‌ترسي تيرۆر و سه‌رهەڵدانه‌وه‌ى داعش هه‌ڕه‌شه‌يه‌كى راسته‌قينه‌يه‌ له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيریی‌ عێراق و سوريا و بۆ ‏به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌و مه‌ترسييه‌، پێويسته‌ ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ پارێزراو بێت و هه‌مووان له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵ و كۆششيان بخه‌نه‌ گه‌ڕ.‏

لەلایەن خۆیەوە، نێچيرڤان بارزانی سەرۆکی هه‌رێمى كوردستان جەختیكرده‌وه‌ لەسەر ئەوەی كليلى سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق، ‏چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر- به‌غدايه‌ به‌ گفتوگۆ و به‌پێى ده‌ستوور.‏













گەلەری