سەردێڕ:

کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم: پرۆسەی رێرەوەی دیموکراسی درێژ و سەختە

AM:10:31:05/07/2022

2940 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم رایگەیاند، "ئەرکە دیپلۆماسییە یەک ساڵیەکەم لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و کەسێکی دیکە لەشوێنم دەستبەکاردەبێت. دڵنیام خەڵکی هەرێم بە سیفەتی میواندۆستی خۆیان بەگەرمی پێشوازی لێدەکەن". دەشڵێت، "کوردستان منی گۆڕی، پرۆسەی رێرەوەی دیموکراسی لە هەرێم درێژ و سەختە".


ئەمرۆ سیشەممە، رۆبەرت پاڵەدینۆ لە فەیبسووکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "ئەرکە دیپلۆماسییە یەک ساڵیەکەم لە ھەرێمی کوردستان کۆتایی دێت. سەرەڕای ئەوەی کە بەدڵتەنگی ماڵئاوایی دەکەم، تکایە بزانن کە من ھەرگیز لە بیرتان ناکەم".

ئاماژەی بەوەشداوە، "بەگەڕانەوە بۆ ساڵی رابردوو گەیشتوومەتە ئەو دەرەنجامەی کە کوردستان منی گۆریوە. ئەمڕۆ، من خۆشەویستییەکی قوڵ و رێزێکی بێ پایانی خەڵکی کوردستان لە دڵی خۆمدا جێکردۆتەوە".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا هاتووە، "میواندۆستیتان و بەردەوام پێشوازیکردنتان لە من و ھاوپیشە ئەمریکییەکانم لە بیرناکرێت. سوپاس بۆ ھاورێیەتی و یادەوەری و کاری زۆر گرینگ کە پێکەوە بەدەستمان ھێناوە. ھەروەھا سوپاس بۆ ھاوبەشیکردنی کەلتورە جوانەکەتان، من بەتایبەتی بیری دۆڵمە و کوفتە دەکەم".

دەشڵێت، ئەو ئێوە لە ناو دەستی کەسێکی باش بەجێدەھێڵێت. دەزانێت خەڵکی کوردستان بەخێرھاتنێکی گەرمی جێگرەوەکەی دەکەن.

رۆبەرت پاڵادینۆ داوایەکی ئاراستەی خەڵکی هەرێم کردووە و دەڵێت، لە سەرتای مانگی ئابدا،چاوتان لەسەر سەکۆکانی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بێت بۆ ناسینی کونسوڵی گشتی نوێ.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە ماوەی ٣٠ سی ساڵی رابردوودا لە ھەرێمی کوردستان رێگایەکی درێژی بڕیوە و زۆر شت ھەیە کە شانازی پێوەبکەن. پرۆسەی رێرەوەی دیموکراسی درێژ و سەختە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لێرە دەبێت و ھاوشانی ئێوە دەبێت.

دەشڵێت، "تکایە ئەوە بزانن کە من داکۆکیکاری ئێوە دەبم لە واشنتۆنی پایتەخت و ئەگەر من جارێکی تر داوام لێکرا، من ئامادەم ئەم پەیوەندییە تایبەتەمان بەرەوپێشتر ببەم. ئێوە ھاورێیەکی ھەمیشەییتان لە مندا بەدەستھێناوە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان لە ئێستا و داھاتووشدا بەردەوام پێکەوە باشترن.













گەلەری