سەردێڕ:

لەبارەی کەیسی کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدینەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێکی دەرکرد

PM:07:03:03/07/2022

10624 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا، لیژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچونى رەهەندە جیاجیاکانى رووداوی نەخوازراوی کوشتنی دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەدین پێکهێنا. دەشڵێت، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات هاوکارى دادگا بن بۆ سەلامەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان و دەرکردنی بڕیارێکى دادپەروەرانە لەلایەن دادگاوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمرۆ بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر، وەزیر و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بە ئامادەبوونى هەموو ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەت، کۆبونەوەى نا ئاسایى ئەنجومەنى وەزارەت بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشداوە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن دەربارەى کەیسى هەریەک لە مامۆستایانى کوژراوی زانکۆی سەڵاحەدین "کاوان ئیسماعیل" راگری کۆلێژی یاسا و "ئیدریس حەمە خان" مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "لەم کۆبونەوەیەدا ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە، کەیسى کوشتنی مامۆستایانى زانکۆى سەڵاحەدین - هەولێر، کەیسی وەزارەتەکەمان و تاک بەتاکی مامۆستایانى کوردستانە، چونکە بەزاندنى حەرەمى زانکۆ دەست بردنە بۆ پیرۆزییەکانى خوێندن و شێواندنى کلتور و بەهاو نۆرمە نیشتمانییەکانمان".

دەشڵێت، ئەنجومەنى وەزارەت دڵنیایى دەدات بەسەرجەم کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان و هەموو خەڵکى کوردستان کە پێکەوە کار دەکەن بۆ پاراستنى سەروەرى یاسا و بەدیهێنانى دادپەروەرى.

راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەنجومەنى وەزارەت داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات کە هاوکارى دادگا بن بۆ سەلامەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکان تاوەکو بە بڕیارێکى دادپەروەرانە ماف بۆ مافخوراوان بگەڕێندرێتەوە و سەبورى کەسوکارى قوربانیان بدرێت.

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، هەر لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیارى پێویستى دا بۆ ئەنجامدانى رێکارى پەروەردەیى و زانستى و یاسایی، بۆ رێگەگرتن لە دووبارە بونەوە و تەشەنەسەندنى ئەم رووداوە دڵتەزێنانە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لیژنەى پەروەردەیى و زانستى و یاسایى بۆ بەدواداچونى رەهەندە جیاجیاکانى ئەم رووداوە نەخوازراوە پێکهێناوە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەشداهاتووە، ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دڵنیایى دەدات هەموو هەوڵێک دەخەنەگەڕ، لەپێناو پاراستنى ناوەندەکانى خوێندن و شکۆى مامۆستایان و ژینگەى خوێندن، بۆ ئەم مەبەستەش داوایان لە پەرلەمانى کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانى حکومەت و ئەنجومەنى دادوەرى و رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و کۆمیونیتى ئەکادیمى کوردستان هەیە، کە لەم پرسەدا هاوکار و هەماهەنگى وەزارەت و ناوەندە زانستییەکانبن.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی سێشەممە ریکەوتی ٢٨ی ٦ی ٢٠٢٢ هەریەک لە کاوە ئیسماعیل راگری کۆلێژی یاسا و ئیدریس حەمە خان مامۆستا لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدین لەلایەن خوێندکارێکی زانکۆی سۆرانەوە کوژران و دوای چەند کاتژمێرێک لە رووداوەکە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیرکرا.













گەلەری