سەردێڕ:

بەرپرسانی ئەمریکا: پێویستە فشارەکانی سەر روسیا زیاد بکرێت

PM:10:05:23/06/2022

1808 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەڵێن، هەفتەی داهاتوو سەرکردەکانی وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت و هاوپەیمانێتی ناتۆ کاردەکەن بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر روسیا بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، دەشڵێن، "نیگەرانییەکان دەرباری چین دەخەنە بەر باس."


بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێدەکەوێت و لەوێ لە باشوری ئەڵمانیا لەگەڵ سەرکدەکانی وڵاتانی دیکەی کۆمەڵەی حەوتدا کۆدەبێتەوە، دواتریش بەرەو مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەچێت و ئامادەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، پێشبینی دەکەن لە کۆبوونەوەکەی ناتۆدا بڕیار بدرێت هێزەکانی هاوپەیمانێتییەکە بە رۆژهەڵاتی ئەوروپادا بڵاوبکرێنەوە و واشنتن کۆمەڵێک هەنگاو بخاتەڕوو بۆ پتەوکردنی ئاسایشی ئەوروپا.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لە کۆبوونەوەی ئەمجارەدا بۆ یەکەمین جار سەرکردەکانی ئوستڕاڵیا و ژاپۆن و کۆریای باشوور و نیوزلەندا ئامادەی کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبن، بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەمە دەریدەخات جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا نەبووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا سەنگییان لەسەر چین لاببەن.

یەکێک لە بەرپرسەکانی ئەمریکا باسی لەوەکردووە، لە کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی حەوتیشدا لە ئەڵمانیا پێشبینی دەکرێت تاوتوێی "چالاکییە ئابوورییەکانی چین" بکرێت، کە لەم ساڵانەی رابردوودا ئەو چالاکییانەی زیاتر بوون.

ئەڵمانیا کە ئەم ساڵ سەرکدایەتی کۆبوونەوەکە دەکات، بانگهێشتی هەریەک لە وڵاتانی ئەرجەنتین و هیندستان و ئیندۆنیسیا و سەنیگال و ئەفریقای باشووری کردووە تاوەکو بەشداری لە کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانێتییەکە بکەن.













گەلەری