سەردێڕ:

چیرۆکی ئەو منداڵە ئەفغانییەی تەنها رزگاربووی خێزانەکەی بوو لە رووداوی بومەلەرزەکەدا

PM:03:45:23/06/2022

6256 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دوێنێ بومەلەرزەیەکی بەهێز ئەفغانستانی هەژاند و بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەفغانستان، زیاتر لە هەزار کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا، بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵێکی بچووک دەنگدانەوەی زۆری لە میدیا و سۆشیاڵ میدیاکاندا دروست کرد.


لەکاتێکدا، چەندین وێنەی رووداوی بومەلەرزەکە لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاوکرایەوە، وێنەی منداڵێکی ئەفغانی کە دوای ئەوەی تیمەکانی فریاگوزاری دەستیان بەگەڕانکردووە بۆ دەرهێنانەوەی تەرمەکان و منداڵەکەیان دۆزیووەتەوە و وێنەیان گرتووە، دەنگدانەوەی زۆری دروست کردووە لە پێگە کۆمەڵایەتییەکان.

دواتریش، لەلایەن رۆژمانەنوسێکی ئەفغانییەوە، بابەتەکە پشتڕاستکراوەتەوە و باس لەوەکراوە، ئەو منداڵە پێ دەچێت، تەمەنی سێ ساڵ بێت و تەنها رزگاربووی خێزانەکەیەتی و نەیتوانیووە هیچ کام لە دایک و باوک و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بدۆزێتەوە.

رۆژنامەنوسەکە دەڵێت، دوای بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکە و چیرۆکەکەی لە تویتەر، چەندین کەس ئامادەباشییان نیشانداوە بۆ ئەوەی منداڵەکە وەربگرن و وەک منداڵی خۆیان بەخێوی بکەن.

باسی لەوەشکردووە، ئەوان لە ئێستادا کار لەسەر ئەوە دەکەن بتوانن هاوکاری کۆبکەنەوە بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت هاوکاری پێشکەش بە زیانلێکەوتوانی بومەلەرزەکە بکەن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەفغانستان بە کاتگەلێکی سەختدا تێپەڕ دەبێت و لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا بەردەوام گرژی و ئاڵۆزییەکان بەشێک بووە لە ژیانی هاوڵاتییانی وڵاتەکە و لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووشدا، تاڵیبان دەستی بەسەر دەسەڵاتی وڵاتەکەدا گرت و ئەوەش بووە هۆی گۆانی ریشەیی ژیانی هاوڵاتیانی وڵاتەکە بەهۆی دەرکردنی چەندین یاسا و رێسای تایبەتی جیاواز کە پێشتر بوونیان نەبووە لە وڵاتەکەدا.













گەلەری