سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بەرزیدایە

AM:08:04:23/06/2022

1392 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ١٠٩ دۆلار و ٦٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەمەش بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی یەک دۆلار و ٦٠ سەنت دابەزیووە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەگوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکی بە ١٠٤ دۆلار و ٩٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە زیاتر لە ١٣٠ دۆلار و دواتریش دابەزییەوە خوارەوە بەهۆی زیادبوونی ئەگەرەکانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا، بەڵام بەراورد بە ساڵانی پێشوو نرخەکەی لەبەرزیدایە و بەردەوام سەرووی ١٠٠ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لەسەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بەهۆی زیادبوونی سزاکانی وڵاتان لەسەر روسیا و کەمبوونی دابینکردنی نەوت لە بازاڕەکاندا نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی لەماوەی ١٤ ساڵی رابردووی خۆیدا.

بەگوێرەی پێشبینییەکان لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو، خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات و بۆ ٩٦ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.

رۆژی ٢٣ی مانگی شوبات، سەرۆکی روسیا فەرمانیدا بە دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و ئەمەش بووە هۆی بەرزکردنەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

بەگوێرەی بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و ئابوری، گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت پەیوەندی بە لێدوانە جیاوازکانی ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی جیهانەوە هەیە لەبارەی قەیرانەکانی ئۆکرانیا و مەترسییەکانی گەورەبوونی جەنگەکە لەلایەکی دیکەوە هۆکارە بۆ گۆڕانکاری لە نرخەکەیدا.













گەلەری