سەردێڕ:

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ماڵی سەرۆکی شارەوانی کەربەلای کرد

PM:02:34:11/08/2021

3628 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای کەربەلا و سەردانی ماڵی سەرۆکی شارەوانی پارێزگاکەی کرد، کە دوێنێ سێشەممە لە میانی ھەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەکان لە شارەکە، درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و کوژرا.


ئەمڕۆچوارشەممە، نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرنی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مستەفا کازمی سەردانی پارێزگای کەربەلای کردووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، مستەفا کازمی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای کەربەلا سەردانی ماڵی عەبیر سەلیم خەفاجی سەرۆکی شارەوانی کەربەلا کردووە کە دوێنێ سێشەممە لە کاتی ھەڵمەتی لابردنی زێدڕۆییەکانی شارەکە، دەستڕێژی گولـلەی لێکرا و بەسەختی برینداربوو، دەستبەجێ گەیەنرایە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە و ئێوارەی هەمان رۆژ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا.

هەروەها، بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان توانییان بکوژی سەرۆکی شارەوانی کەربەلا دەستگیربکەن.

لە درێژەی راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە، دواتر مستەفا کازمی سەردانی شوێنی کوژرانی عەبیر سەلیم خەفاجی کردووە و بڕیاری دا شەقامێک بەناوی ناوبراوەوە دروستبکرێت.

راشیگەیاندووە، ھەوڵەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە ھەموو پارێزگاکاندا بەردەوام دەبێت و ھەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەکان بەردەوام دەبێت و کاریش بۆ جێبەجێکردنی یاسا دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ھێز ئەمنییەکان بکوژەکەی سەرۆکی شارەوانی کەربەلایان، بردووەتە شوێنی رووداوەکە و بەردەم مستەفا کازمی.

لەوبارەیەشەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەکردووە، پێویستە دادگا رۆڵی خۆی لە سزادانی بکوژەکە بگێڕێت تاکو ببێتە وانەیەک بۆ کەسانی دیکە و ھەموو ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر فەرمانبەران لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی خۆیاندا.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، سەرۆکی شارەوانی کەربەلا، عەبیر سەلیم خەفاجی لە کاتی سەرپەرشتیکردنی ھەڵمەتی لابردنی زێدەڕۆییەکان لە ناوچەی معمەلچی ناوەڕاستی شاری کەربەلا درایە بەر دەستڕێژەی گولـلە و بەسەختی برینداربوو و دوای رووداوەکەش بکوژەکە ھەڵات، دوایگەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانیلەدەستدا.













گەلەری