سەردێڕ:

هۆکاری نزمبوونەوەی نرخی زیڕ لە بازاڕەکانی هەرێم ئاشکرا کرا

PM:02:32:29/05/2022

3696 جار خوێندراوەتەوە

دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی ئەمریکا بۆ زیادکردنی نرخی سوود نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی.


بانکی ناوەندی ئەمریکا دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر کاریگەری لێکەوتەکانی کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرانیا و روسیا، بۆ رێگرییکردن لە دروستبوونی هەڵئاوسان، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی.

بەگوێرەی بڕیارەکە، بەهای سوود لەسەر کاڵاکان بووەتە ٥٠٪ و بڕیارەکەش راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بەهای زێڕ و دراوە ئەلیکتۆرنییەکان کرد.

لەو بارەیەوە، یونس عەلی مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی ئابووری بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، "یەكێک لە ئامرازه‌ گرنگەکان بە دەست بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بۆ ڕێكخستن و ڕیگەگرتن لە پرسی هەڵئاوسان و گرانبوونی بازاڕ نرخی سوودە، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم زیادکردنە هەموو جۆرەکانی وەبەرهێنان ناگرێتەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە، بڕیارەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی زێڕ دروستکردووە لە بازاڕەکانی جیهان و بە ڕێژەی ١٪ بەهاکەی لەدەستداوە.

یونس عەلی لەبارەی پەیوەندی زێر و نرخی دۆلارەوە ئاماژەی بەوەدا لە رابردوودا پەیوەندیەکی راستەوانە لە نێوان نرخی ئاڵتون و نەوت و نرخی دۆلار هەبوو، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەکە پێچەوانەیە و لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی ئاڵتون دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، وە لەگەڵ بەرزبونەوەی نرخی نەوت نرخی دۆلار دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت.

دەشڵێت، " نرخی دۆلار ناتوانێت رۆڵی کاریگەر ببینێت، بەهۆی ناجێگیری ئابوری ئەمریکاوە، بۆیە نرخی سوود دەکرێتە تەواوکەری ئەرکی دراو و بەرزکردنەوەی نرخی سوود کاریگەری لەسەر نرخی زێریش دروست دەکات، بەڵام کاریگەریەکە ناڕاستەوخۆیە، کاریگەریەکەش لەسەر نرخی زێڕ لە جیهاندا بە رێژەیەکی بەرچاو نییە."













گەلەری