سەردێڕ:

حکومەت کەی موچەی ئەم مانگە دابەشدەکات؟

AM:11:43:28/05/2022

188724 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم؛ حکومەت لە ئێستادا پارەی پێویستی لەبەردەستدایە و دەتوانێت لە نێوان ٥ بۆ ١٠ی مانگی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی موچە بکات.


چاوگێکی ئاگادار لە وەزارەتی داراییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئێستادا پارەی پێویست لە داهاتی ناوخۆ و پارەی نەوتی فرۆشراو گەڕاوەتەوە خەزێنەی حکومەت و چاوڕێدەکەن ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دابەشکردنی موچە بدات تاوەکو دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایار.

بە وتەی چاوگەکە لە نێوان ٥ بۆ ١٠ی مانگی داهاتوودا؛ پاش وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران دەتوانرێت دەست بە دابەشکردنی موچە بکرێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا هیچ گرفتێکی کەمی پارەیان نییە و لە رێگای داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنورییەکان و نەوتەوە، لەگەڵ ئەو ٢٠٠ ملیارەی بەغدا دەینێرێت، دەتوانن پارەی موچە دابین بکەن.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، حکومەتی هەرێم مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار لە بەغداوە وەردەگرێت و تایبەت بە دابینکردنی موچەی فەرمانبەران بەکاریدەهێنێت، ئەوەش بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ مستەفا کازمی بڕیاریدا بە ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم تایبەت بە کێشەی موچەی فەرمانبەران.

ئەمە لە کاتێکدایە، داهاتی نەوتی مانگی نیسانی عێراق ١٠ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی بە ١٠٤ پۆینت ٦ دۆلار فرۆشتووە، لە کاتێکدا بەپێی راگەیاندراوی حکومەتی هەرێم، لە مانگی ئازاردا بڕی ١٣ ملیۆن و ٦١٦ هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و هەر بەرمیل نەوتێکیشی بە ٩٢ دۆلار و ٥٨ سەنت فرۆشتووە، کە ١٢ دۆلاری لە نرخی بازاڕ کەمتر بووە و بەو پێیەش کۆی فرۆشراوی نەوتەکەی یەک ملیار و ٢٦٠ ملیۆن و ٥٦٩ هەزار و ٢٨٠ دۆلاری ئەمریکی بووە.

سەرەڕای ئەمانەش، حکومەتی هەرێم هێشتا بەبێ ناردنی ٢٠٠ ملیارەکەی بەغدا دەڵێت، "توانای دابەشکردنی موچەی نییە"، جگە لەوەی هەموو مانگێکیش بەغدا ٢٠٠ ملیارەکەی ناردووە، بەڵام موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی حوزەیراندان و هێشتا دابەشکردنی موچەی مانگی نیسان تەواو نەبووە و موچەی مانگی ئایاریش دابەشنەکراوە.

هێرش قادر، هەولێر

هـ.ئـ













گەلەری