سەردێڕ:

حکومەتی فیدڕاڵی رێوشووێنی یاسایی بەرامبەر هەرێم دەگرێتەبەر

AM:09:02:26/05/2022

5424 جار خوێندراوەتەوە

جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لەئەگەری پەبەند نەبوونی حکومەتی هەرێم بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕالییەوە لەبارەی فرۆشتنی نەوت و غاز و رادەستنەکردنی بە حکومەتی فیدڕاڵی، ئەوا حکومەت رێوشوێنە یاساییەکانی دەگرێتەبەر.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی شکور جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی عێراقی راگەیاند، دادگای فیدڕاڵی بڕیاریداوە بە نادەستوریی بوون و نایاسایی بوونی یاسای نەوت و غاز و فرۆشتنییان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە.

وتیشی، دادگای فیدڕالی حکومەتی هەرێمی پابەندکردووە بە رادەستکردنی نەوت و غازی بەرهەمهاتوو بە حکومەتی فیدڕاڵی.

ئاماژەی بەوەشدا، لایەنی کوردی دەری بڕیووە کە جۆرێک لە خۆپارێزی بەرامبەر بڕیارەکە هەیە و جەختی کردووەتەوە لەسەر بەردەوامبوونی لە فرۆشتنی نەوت و غاز و بە مافێکی دەستوری خۆی دەزانێت.

عەلی شکور ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەگەری رادەستنەکردنی نەوت و غاز و بەرهەمەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە حکومەتی فیدڕاڵی و نەگەڕانەوەی بۆ راستە شەقامەکە، ئەوا حکومەتی فیدڕاڵی رێوشوێنەیاساییەکانی بەرامبەر هەرێم دەگرێتەبەر.

دەشڵێت، لیژنەی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمان چەند پێشنیارێک و چارەسەرێک بۆ جارەسەرکردنی کێشەی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان لە دۆسییەی نەوت دەخاتە روو.

هەروەها، لەبارەی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێم کاردەکەن، عەلی شکور ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لەبنەڕەتدا کارکردنی ئەو کۆمپانیایانە لە هەرێم هەڵەیە و حکومەتی هەرێم ئاسانکاری بۆ کردوون، تاکە ئامانجی ئەوان تەنها بەدەستهێنانی قازانجە.

ئەمە لەکاتێکدایە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە میانەی بەشداریکردنی کۆڕبەندی ئابووی جیهان لە داڤۆس رایگەیاند، "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستوریبوونی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە نادەستووری و سیاسییە و جێبەجێی ناکەین".

وتیشی، خودی دادگای فیدراڵی نادەستوورییەوە و ئەوەی بڕیارەکانی پێدەردەکات لایەنێکی سیاسیە و هەرێمی کوردستان ناوچە و شوێنێک نییە کە بتوانن ئەو بڕیارانە پەسەندبکەن.

باسی لەوەشکرد، هەژموونی وڵاتانی دیکە لەسەر عێراق بەردەوامە و پێویستە ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق بیگیرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، حکومەتى عێراق و وەزارەتى نەوت جموجۆڵەکانیان بۆ جێبەجێکردنى بریارەکەى دادگاى فیدراڵى دەستپێکردووە و لە ئێستاشدا هۆشداریی دراوە بەو کۆمپانیا نەوتییانەى لە هەرێم کاردەکەن، پێچەوانەى بریارەکەى دادگاى فیدراڵى کارنەکەن.

هاوکات، بەغدا بە شاندى دانوستانکارى هەرێمى وتووە، تا دڵنییایی بە بەغدا نەدەن لە جێبەجێکردنى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى، بەغدا ئامادەنییە لەگەلیان کۆببێتەوە.













گەلەری