سەردێڕ:

وردەکاری پلانی ئەمریکا بۆ لەناوبردنی کەشتیگەلی رووسی لەسەر دەریای رەش ئاشکرا کرا

PM:09:55:20/05/2022

5124 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری وەزارەتی کاروباری ناوخۆی ئۆکرانیا ئاشکرایکرد، ئەمریکا بەنیازە پلانێک دابرێژێت بۆ بە ئامانجگرتنی کەشتیگەلی روسی لەسەر دەریای رەش. دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە بە مەبەستی ئازادکردنی ئەو بەندەرانەیە کە روسیا لە باشوری ئۆکرانیا دەستی بەسەردا گرتوون".


ئەنتۆن گێراشچینکۆ راوێژکاری وەزارەتی کاروباری ناوخۆی ئۆکرانیا لە تویتێکیدا رایگەیاند، پلان هەیە بۆ لەناوبردنی کەشتیگەلی جەنگی روسیی لەسەر دەریای رەش لەڕێی ئۆکرانیاوە لەلایەن ئەمریکاوە.

وتیشی، سەرکەوتنی ئۆکرانیا لە ئۆپراسیۆنەکانیدا دژی روسیا بووەتە هۆی رازیبوونی ئەمریکا بە رێکخستنی پلانێک بۆ لابردنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا.

ئاشکراشی کرد، لە ئێستادا گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامن تا چەکی دژە کەشتی بۆ ئۆکرانیا بنێرێت لە ناویاندا موشەکی جۆری "هارپون" و "نەیڤڵ سترایک".

پێشتریش ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکرد، کۆشکی سپی بەنیازە موشەکی دژە کەشتی بۆ ئۆکرانیا رەوانە بکات تا بتوانێت گەمارۆی روسیا تێکبشکێنێت.

هەروەها، گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لەسەرئاستی جیهانی نیگەرانی هەیە لەبارەی کورتهێنانی خۆراک بەهۆی ئەو گەمارۆیەی روسیا بە سەر ئۆکرانیایدا سەپاندووە، کە چیدی ناتوانێت لە بەندەرەکانییەوە خۆراک هەناردەی دەرەوە و وڵاتانی جیهان بکات.

ئۆکرانیا یەکێکە لە گەورە بەرهەمهێنەرەکانی خۆراک و دانەوێڵە و هەناردەی هەموو جیهانی دەکات، لە کاتێکدا نرخەکانی دانەوێڵە لە پاش ئۆپراسیۆنەکانی روسیا بۆسەر ئەو وڵاتە لە ٢٤ی مانگی شوباتەوە بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبوونەتەوە.


 













گەلەری