سەردێڕ:

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٠ تەن خۆڵ بەسەر شاری بەغدادا باریوە

PM:01:21:18/05/2022

4268 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری خۆڵبارینی رۆژی دووشەممەوە بەغدا رووبەڕووی گەورەترین حاڵەتی پیسبوونی ژینگە بووەتەوە و بە وتەی شارەزایانیش ڕێژەی ئەو خۆڵەی بەتەنها لە بەغدای پایتەخت باریوە چەندەها تەن تێدەپەڕێنێت.


سەباح حەسەن حسێنی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی بەرگری تیشکی رایگەیاند، "بەهۆی خۆڵبارینەوە بەغدا رووبەڕووی گەورەترین حاڵەتی پیسبوونی ژینگە بووەتەوە لە هەموو جیهاندا. هاوکات لە کاتژمێر ٩ی بەیانی رۆژی دووشەممەشدا، شارەکە گەیشتووەتە بەرزترین دۆخی پیسبوونی ژینگە.

لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئەلسەباح راشیگەیاند، سەرچاوەی خۆڵبارینەکە دەرەوەی عێراقە و کاریگەرییەکەشی بەهۆی وشکەساڵی و بە بیابانبوونی ناوچەکە و نەبوونی سەوزایی پێویست دەگەڕێتەوە و دەکرێت حاڵەتەکە بە روواندنی درەخت و زیادکردنی سەوزایی چارەسەر بکرێت.

سەباح حسێین ئاشکراشیکرد، وەزارەتی ژینگە لە رابردوودا، ڕێگەچارەیەکی زانستی و تەکنیکیان پێشنیاز کردووە بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوز کە دەتوانێت بەرگری لە دروستبوونی خۆڵبارین بکات و لە هەمانکاتدا دروستکردنی دەریاچە و فراوانکردنی پانتایی ئاو لە ناوچەکە دەبێتە هۆی شێدارکردنەوەی ناوچەکە و دروستبوونی هەوری زیاتر و بارانبارینی زیاتر و لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی کاریگەری خۆڵبارین.

لەلای خۆشییەوە، محەمەد جەواد خەتاب شارەزای بواری کشتوکاڵ، زەرە و زیانی خۆڵبارینەکەی رۆژی دووشەممەی شاری بەغدای بە بارینی زیاد لە ٦٠ تەن خۆڵ خەمڵاند.













گەلەری