وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، پەتای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی نوێ نییە و دەکەوێتەوە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی توشبووان، دەشڵێت، "حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراو لە زاخۆ دەستنیشانکراوە."
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند، پەتای خوێنبەربوون نەخۆشیەکی نوێ نییە، نەخۆشیەکی هاوبەشی نێوان ئاژەڵ و مرۆڤە و دەگوازرێتەوە، بە یەکێک لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان دادەنرێت بەهۆی زۆری رێژەی پەککەوتن و مردن لەناو توشبوواندا.
وەزیری تەندروستی دەڵێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە
تووشبوون و بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردن، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
چەندین ڕێکاری دەست پێکردووە بۆ پاراستنی هاوڵاتیان، ڕێژە و ژمارەی
توشبووان دەوەستێتە سەر بەرنامەی دۆزینەوەی حاڵەتەکان، لەلایەن تیمەکانی
تەندروستی کە بە قۆناغێکی گرنگی کۆنتڕۆڵکردن دادەنرێت.
دەشڵێت، ڕۆژانە ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت و گومانلێکراوان
دەدۆزرێنەوە و نمونەی پشکنین وەردەگیرێت، دوای پشکنینی تاقیگەیی و دڵنیابوونەوە و
پشتڕاستکردنەوەی ڕادەگەیەنرێت.
سامان بەرزنجی ئەوەشی خستووەتەڕوو، حاڵەتێکی دیکەی
گومانلێکراوی دانیشتووی شەنگال لە شاری زاخۆ بەسەرەتایی دەستنیشانکراوە و رەوانەی
شاری دهۆک کراوە."
راشیگەیاندووە، بەهۆی بوونی پێشینەی سەربڕینی ئاژەڵ و نیشانەکانی
خوێنبەربوون لە نەخۆشخانە خەوێندراوە، تا ئێستا و تا ڕادەیەک باری تەندروستی جێگیرە
و چارەسەرکردنی بەردەوامە، وێڕای بوونی حاڵەتێکی پشتڕاستکراوەی پێشووی شاری هەولێر
کە دوای وەرگرتنی چارەسەری تەواو و ڕێکاری پێویست ڕەوانەی ماڵەوە کراوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە سێ هەفتەیە پەتای خوێنبەربوون لە باشور و ناوەڕاستی عێراق بڵاوبووەتەوە. بەپێی ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا لە هەرێم یەک حاڵەت لە هەولێر و دوو حاڵەتیش لە کەرکوک تۆمارکراوە.
هـ.ئـ