سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی راستی ئازادکردنی سلێمان هەڵشۆیی ئاشکرادەکات

PM:11:04:17/05/2022

14468 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە گوایە سلێمان هەڵشۆیی بە دەستەبەری دارایی ٢٠٠ ملیۆن دینار ئازادکراوە، بۆ ئەو مەبەستە ئێن ئاڕ تی پەیوەندی بە پۆلیسی راپەڕینەوە کرد.


شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە و سلێمان هەڵشۆیی ئازادنەکراوە.

باسی لەوەشکرد، سلێمان هەڵشۆیی هێشتا لە زینداندایە و ئازادنەکراوە، هەرکاتێک ئەو بڕەپارەیەی دادوەر بۆی داناوە وەک دەستەبەر بۆ ئازادبوونی پەیدای بکات؛ ئەو کاتە دادوەر بڕیار دەدات کە لە زیندان بچێتە دەرەوە یاخود نا.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر هەر بابەتێکی لەو جۆرە هەبێت و سلێمان هەڵشۆیی پارەکە پەیدابکات و دادوەر بڕیاری ئازادکردنی بدات، ئەوکاتە خۆیان بە فەرمی رایدەگەیەنن کە ئازادکراوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، هەفتەی رابردوو شۆڕش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین لە لێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەماوەی رابردوودا سلێمان هەڵشۆیی و ٨٦ کەسی دیکە لەلایەن پۆلیسەوە راگیراون، کە ٨٦ کەسەکەی دیکە بە کەفالەت ئازادکرداون. لە رووی یاسایشەوە سلێمان هەڵشۆیش بەهەمان شێوە مافی ئازادبوونی بە کەفالەت هەیە.

وتیشی، بۆ ئازادکردنی سلێمان هەڵشۆیی پێویستە لەلایەن کەسێکەوە کەفالەتی کەسی و کەفالەتی بڕێکی زۆری پارە بکرێت کە بڕەکەی لە نێوان ٥٠٠ بۆ هەزار ملێۆن دیناردا دەبێت.

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا، کەسێک بە ناوی سلێمان هەڵشۆیی لە ناوچەی پشدەری هەرێمی کوردستان دەستگیرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی لە بەردەم ماڵەکەیدا کۆبوونەوە و رایانگەیاند، کە سەدان هەزار دۆلاریان پێداوە و ئێستا ناتوانێت بیانداتەوە.

هاوڵاتییەکان باسیان لەوەکردبوو، مامەڵەکانی سلێمان هەڵشۆیی بە جۆرێک بووە، ئۆتۆمبێل، خانوو، زێڕ، مەڕوماڵات و دەمانچە، هەرشتێک پارە بکات بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ لە هاوڵاتییانی وەرگرتووە، بە نیوەخێر یان زیاتر بە مەرجی ئەوەی درەنگتر پارەکەی بدات، بۆ نموونە بە جۆرێک ئەگەر شتومەکێک بە ٢٠ هەزار دۆلار بووبێت، ئەو بە ٢٨ هەزار دۆلار وەریگرتووە بەو مەرجەی دوای دوو مانگ تاوەکو شەش مانگ پارەکەی بدات.

باخان تۆفیق، رانیە

هـ.ئـ













گەلەری