سەردێڕ:

کەشناسی لە رێگەی ئێن ئاڕ تییەوە زانیاری نوێ لەبارەی خۆڵبارینەوە بڵاودەکاتەوە

PM:02:42:17/05/2022

6436 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە کاریگەری خۆڵبارین کەم دەکات و سبەینێش کەش ئاسایی دەبێتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، ئەمڕۆ سێشەممە کاریگەری خۆڵبارین لە ناوچەکە کەم دەبێتەوە.

باسی لەوەشکردووە، سبەینێ کەشوهەوا ئاسایی دەبێت، بەڵام تەپوتۆز و گەردەکانی خۆڵ لە هەوادا دەمێننەوە.

هاوکات دەستەی کەشناسی و چاودێریکردنی بومەلەرزەی عێراق رایگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشێوەی پلەبەندی و هەنگاو بەهەنگا و خۆڵبارین نامێنێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، رۆژی چوارشەممە و پێنجشەمە و هەینی کەش خۆڵ و تۆزێکی کەمدەبێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، خۆڵبارین دەرئەنجامی هاتنی بارستە هەوای ساردە بۆ ناوچەی بارستە هەوای گەرم، کە ئەوەش جیاوازی لە سیستمی پەستانی ناوچەکە دروستدەکات و دەبێتەهۆکاری خۆڵبارین.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆکاری ئەوەی دەبێتە خۆڵبارین بەشێکی بەهۆی کەمی بارانبارینەوەیە لەو ناوچانەی سەرچاوەی سەرەکی خۆڵبارینن، وردەکارییەکەی خستەڕوو و وتی، لەو ناوچانەدا بڕێکی کەم بارانباریوە و بووەتە هۆی لاوازبوون و فشەڵبوونی زەوییەکەی، بەوەش کاتێک ئەو گۆڕانکارییە لە سیستمی پەستانی ناوچەکە دروستدەکات، بە ئاسانی با تەپوتۆز هەڵدەگرێت و دەیگوازێتەوە.

راشیگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩دا کە رێژەی بارانبارین زۆربوو، تەنها دوو حاڵەتی خۆڵبارین تۆمارکراوە، بەام تەنها لە مانگی ١ی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، ٢٣ حاڵەتی خۆڵبارین تۆمارکراوە.

 


کارزان تاریق – سلێمانی













گەلەری